• نوێ

    الثلاثاء، 17 مارس 2015

    سیاسەتی شەرعی...یان سیاسەتی گەمژەكردن؟! ئەو سیاسەتەی كە دڵی عەلمانییەكان نایەشێنێت و كورسییان لەق ناكات!!

    ئیسلام هاتووە ببێتە پێشەنگ، نەوەك لە دواوە جوڵە بكات: ئەوە سیاسەت نییە ئیسلام بخرێتە ناو ئەو بابەتانەی كە بایەخی كەمییان هەیە لە حوكم و حوكمداری، بەسەریەك داكردنی چەند ووشە وپەیڤێك كە لەناو تەلەفزیون و رادیۆ ببیسترێ‌،
    لە ناو گۆڤار و رۆژنامەكان دیزاین و نەخشەسازی جوانی بۆ بكرێ‌! چونكە هەموو ئەوانە دواجار چۆلگەیەكی گەرم و بێ‌ ئاو و گیا بەرهەم دێنێ‌ لە واقیعدا، بۆیە دەبێ‌ بزاندرێ‌ سیاسەت لە ئیسلامدا واتە پێشڕەویكردنی ئوممەت و گەلان بە كردەیی و داكۆكیكردن لە مافە رەواكانی گەلانی موسڵمان لە رێگای ئیسلام، واتە پێشەوایەتی كردنی دونیا بە دین، سیاسەت كردن واتە لە پێشەوە بوون و سەركردایەتی كردن و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات بە تەنها لە لایەن ئەهلی تەوحیدەوە، واتە حوكم كردنی شار و ووڵات و دێهات بە شەریعەتی ئیسلام "و یكون الدین كلە لله" واتە هەموو دین و حوكم بۆ خوا بێت نەوەك بەشداریكردنی حوكم لەگەڵ عەلمانییەكان، واتە بونیات نانی پەیوەندییەكان لەگەڵ گشت لایەن و پێكهاتە سیاسییەكان –ناوەخۆیی و دەرەكییەكان- لەسەر بنچینە و بنەماكانی ئیسلام. بۆیە هەلپاچین و هەڵقاچینی ئیسلام لە واقیع دا خەونێكە نایەتە دی و نەش هاتۆتە دی.

    هیڵی سووری سیاسەتی ئیسلامی: سیاسەت كردن واتە دانانی هیڵی سوور ئەویش كوفر و شیرك ونیفاقی گەورەیە لە نێوان هێز و تەوژمەكانەوە، وە پێویستە ئەم هیڵە زۆر روون و ئاشكرا بێت، بەهیچ شێوەیەك تەم و مژی تیانەبێت، چونكە گەر ئەم هێڵەیە زۆر روون نەبێت، عەلمانییەكان لە ئاوی لێڵدا ماسی دەگرن و مەلە دەكەن بە ئارەزووی خۆیان هەر جارەو لەسەر پەت و تەنافێك یاری دەكەن خەڵكی غەیری خۆشیان كلك بڕاو دەكەن. دەبێت كاركردن لەگەڵ عەلمانییەكان لەسەر بنەمای كێشمە كێشی عەقیدەیی مەنهەجی بنیات بنرێت، نەوەك گووتاری سیاسی بەناو ئیسلامییەكان هەروەك گووتاری عەلمانییەكان بێت، بە كورتی كاتێك باسەكان تەسك بكرێتەوە لەسەر گەندەڵی و زیادكردنی دەنگ و كورسی و پێشبڕكێ لەسەر ناو و دەنگ و موزایەدەی سیاسی، گەر وابوو ئەوا هەمووی قیمەتی بزنێك ناهێنێت چونكە ئەوە حیزب و بزووتنەوەی عەلممانی هەن هەمان گووتاریان هەیە. بە كورتی دەبێت لەسەر خاڵە جەوهەرییەكان بچنە ناو صراعێكی راستەقینە، نەوەك پەردەپۆش كرابێ‌ بە چەند ڕەنگ و بۆیەكی هەڵخەڵەتێنەر. بێگومان ئەمانەش پێویستی بە شارەزاییەكی قووڵ و هێزێكی ئیمانی راستەقینە هەیە وە كەسانی بوێر بن چونكە ئەوانە بە كەسی بێ‌ زات و بێ‌ هەناو نەكراوە و ناشكرێت "و یخشونە و لا یخشون احدا الا الله"، " ولا یخافون لومە لائم". بەرپاكردنی ئەو دینە بە پیاوی هەڵكەوتە و بەشەڕەف دەكرێت، بە پیاوانێك ئازا و بەڕێز و جوامێرن.

    سیاسەت بەهیچ جۆرێك جیهادی لێ‌ هەڵناوێردرێت: سیاسەت بریتییە لە بەرپاكردنی جیهاد لەگەڵ كافر و موڕتەدەكان، نەوەك دانیشتن لە ژێر چەتری حوكمی جاهیلی رۆژئاوایی. واتە پێكهێنانی دەستەی فەرمان كردن بە چاكە و نەهی كردن لە خراپە – الحسبە - ، هەروەها بریتییە لە ئامۆژگاری كردنی ئەوانەی حاكمن بەسەر موسڵمانانەوە و حوكم بە قورئان دەكەن، راست كردنەوەی هەڵە و لادانەكانییان. نەوەك موساوەمە كردن لەسەر حیسابی دین و عەقیدەی ئیسلامی. كە باسی جیهادیش دەكرێت دەڵێن ئەوانە ئیسلامییان كۆكردۆتەوە تەنها لە جیهاد و كوشتن، ئەوە چەواشەكردنە و بەهیچ شێوەیەك چونكە هیچ هێزێكی ئیسلامی رەسەن ئیسلام كۆناكاتەوە تەنها لە جیهاد، لەجیاتی بڵێن ئێمە جیهاد ناكەین! دەڵێن بڕوامان بە جیهاد هەیە بەڵام لە واقیعدا نەوەك نایكەن بەڵكو دژایەتیشی دەكەن، ئێوە خۆتان دەڵێن هەر هێزێك هێرش بكاتە سەر ووڵاتمان لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێك بێت ئێمە بەرپەچی دەدەینەوە؟! باشە ئێوە ئاگاداری دەم و زاری خۆتانن كە چی دەلێن و ئاگاداری كردەوەكانی خۆتانن كە چی دەكەن؟! باشە گوتاری ئێوە لەگەڵ عەلمانیی و نەتەوەییەكان چ جیاوازییەكی هەیە لە ناوەڕۆكدا؟! سوێند بەخوا خۆشتان باش دەزانن ئاغا هاوپەیمانەكانتان لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات هەر رازی نابن، هەموو شتێك دەكەن بۆ مانەوەتان لەو گۆڕەپانە بۆگەناویە سیاسەی ئەمڕۆ، گومان لەوە دا نییە ئەو چیلكە و چەوێڵانە ڕزگارتان ناكەن هەرگیز، چەند ناخۆشە كە دەبینین مەیل و تكاتان نقومی حەزی پۆست و ناوبانگی بووە.

    سیاسەت بریتییە لە خروج كردن لەسەر ئەو حاكمانەی كە نەوەك بە حوكمی خوا و پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) رازی نین، بەڵكو دژایەتیشی دەكەن: خروج كردن لەسەر ئەوانەی حوكم بە قورئان ناكەن، بڕوایان نییە بە خودا و رۆژی دوایی، ئەوانەی دان نانێن بە دینی هەق وەكو بەرنامەیەكی بێ‌ كەم و كوڕی، حەرام بە حەرام دانانێن، حەڵاڵ بە حەڵاڵ دانانێن، ئەوانەی تەسلیم نابن بە تەوحید، ئەویش بە رێگەدان بە پەرستنی گۆڕ، حەرام نەكردنی حەرام، حەڵاڵ نەكردنی حەڵاڵ، گۆرینی دین و حوكم، موشریك و كافر ئەوانەن كە گوێڕایەڵی فەرمانی خوا نابن بە ملكەچ بوون، بەڕائەت ناكەن لە شیرك و ئەوانەش شەریك بۆ خوا دادەنێن، ئەوانەی گاور و جولەكەیان كردۆتە پاڵپشت و دۆستی خۆیان لە دژی موسڵمانان، ئەوانەی شەو و ڕۆژ پیلان دادەڕێژن بۆ لاوازكردنی درەختی ئیسلام كە بە خوێنی صەحابە و تابعین و شەهیدانی ئیسلام گەیشتۆتە دەستی ئێمە، ئەوانەی كە شەو و ڕۆژییان خستۆتە سەریەك بۆ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و درۆ و دەلەسە دژی موسڵمانان، ئەوانەی كە رافیزەیان كردۆتە دەستە راستی خۆیان و دەیانەوێ‌ حوسەینییە بنیات بنێن بۆ دژایەتی ئەهلی سوننە. سیاسەت واتە پاڵنانی خراپەكارییەكان و راكێشان و بەدەست هێنانی چاكی و باشییەكان. واتە گرتنەبەری هۆكارە شەرعییەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجە شەرعییەكان. سیاسەت بریتی نییە لە پێشكەش كردنی بەرنامەیەك كە دوو كەس بێن كۆمەڵێك قسەی شڕ و بێ‌ تام بە یەكتری بڵێن، سیاسەت بریتییە لە جێ‌ نەبوونەوەی هیچ فیكربۆگەنێك لە راگەیاندنی ئیسلامی لە ژێر هیچ ناو و ناونیشانێك.

    سیاسەت بریتییە لە دان نان بە تەواوی شەریعەتی ئیسلام بە رەهایی...بە پوچەڵ زانینی غەیری ئیسلام: كە مێزگرد دەكەن بە ئاشكرا پوچەڵی بەرنامە و رێبازییان ناخەنەڕوو، باشە چۆن بزانن ئەوان لەسەر باتیڵن ئەگەر ئێوە بە ئاشكرا پووچی و بێ‌ بەهایی بەرنامەی ئەوانە نەخەنەڕوو؟! سیاسەت واتە دان نەنان بە دامەزراوە شیركییەكان لە ژێر ناوی پەرلەمان، سیاسەت كردن بریتی نییە لە دانیشتن لەگەڵ چەند ئەبو جەهل و ئەبو لەهەبێك كە ململانێ‌ لەگەڵ شەریعەت دەكەن و دان نانێن بە راست و دروستی شەریعەت و تەواوی حوكمەكانی، سیاسەت بریتییە لە وازهێنان لە هۆگری و دڵ بەستراوەیی لەگەڵ فیكر چەپەڵەكان چونكە ئەوانە هەموو دەرفەتێك هەڵدەقۆزنەوە بۆ ڕشانەوە بەسەر ئیسلام و بنەماكانی، سیاسەت بریتیە لە دانەنیشتن لەگەڵ ئەوانەی گاڵتە بە خوا و پێغەمبەر (صلی الله و علیە وسلم) دەكەن و حوكمەكانی ئیسلام بە كۆن پارێزی دادەنێن. دەبێ‌ ئەوە باش بزانرێ‌ كە هەرگیز دان نانێین بەوانەی ئەو بیروباوەڕە رەت دەكەنەوە كە ئیسلام مافی هەموو كەسێكی داوە بە تەواوەتی، سیاسەت واتە بەشدارینەكردن لە دەنگ دان، بەڵكو بەرائەت كردن لە هەر دام و دەزگایەك كە دەكرێتە شەریك لەگەڵ خوا لە حوكم و یاسادا. سیاسەت بریتییە لە گرتنە دەسەڵات لەلایەن ئەهلی ئیمانەوە بە تەنها، بریتییە لە بەشداری نەكردنی سیاسی لەگەڵ عەلمانییەكان، بەڵكو بریتییە لە رەت كردنەوەی هەموو هێز و حیزب و تەوژمێكی عەلمانی و دیموكراسی وە رێگە نەدان بە ئەنجام دانی كار و چالاكی لە ووڵاتی موسڵمانان، رێگە نەدان بە خەڵەتاندنی موسڵمان، بریتییە لە بەنامۆ زانیینی هەر پرۆژەیەكی سیاسی رۆژئاوایی، ساز و باز و كەین وبەین نەكردن لەگەڵ هەموو هێزێكی عەلمانی.

    تۆمەتەكان ووردە ووردە دەبنە راستەقینە: ئێمە پێشتر زۆر گوێبیستی ئەوە دەبووین كە عەلمانییەكان هەندێ‌ تەوژم و حیزبی بە ناوی ئیسلامەوە تۆمەتبار دەكەن بەوەی بۆ بەرژەوەندی پایە و پۆست كاردەكەن وە ئیسلام دەكەنە هۆكار بۆ گەیشتن بۆ ئامانجەكانییان، ئێمە زۆرمان پێ‌ ناخۆش بوو! ئەمە بۆ دواجار ڕاست دەرچوو، هەر كە گەیشتنە دەسەڵات بە بەدەست هێنانی چەند كورسییەكی پەرلەمان و چەند وەزارەتێك، هەموو دروشمەكان بوونە كەف و كوڵ، ئێمە رۆژانە هەواڵ و عەجایباتی سەیر و سەمەرە دەبیستین و دەبینین، نازانین لە كوێ‌ دەست پێبكەین و لە كوێ‌ كۆتایی پێبهێنین. پرسیارێكی زۆر سادە بۆ ئێوە، ئەو سیاسەتە فەوزەوییەی ئێوە گرتوتانەتە بەر كوا بەرهەم و رێگا شەرعییەكانتان!؟ هەڵبەتە زۆر روونە كە عەلمانییەكان هەرگیز بەڵێنەكانییان نابەنە سەر و رۆژ تێدەپەڕێنن لەگەڵتاندا.

    شوانەكان لە بەرگی مەڕدا...خائینە نوێیەكان: خۆشەویستی پۆست دەسەڵات چی لەم خەڵكە كرد، هەرچی بڵێ‌ و پرسیار بكەی دەڵێت ئەوە سیاسەتە، موداهەنەی هێزە مورتەد و عەلمانییەكان لە ژێر سیاسەت و مەصلەحەی شەرعی، سەیر لەوەدایە ئەوان دەڵێن "الغایە لا تبرر الوسیلە" بێگومان غایە مەبەست بەرپاكردنی حوكمی ئیسلامە، چەندین وەسیلە و هۆكاری ناشەرعی بەكاردەهێنن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، پڕ بە دەم پێدەكەنن دەڵێی گۆشت مامزییان خواردووە كە لە بەرامبەر بەرپرسەكان دادەنیشن، لەولاشەوە بەرامبەر جەماوەری موسڵمان خۆیان گڤ و گیڤ دەكەنەوە و تف و نەفرەت لە عەلمانییەت دەكەن، كە دەچنە بەردەم بەرپرس و راگەیاندكارە عەلمانییەكان دەبنە رێوییەكی موحتەرەم، ئەوەندە تەوازوع دەنوێنن، زەلیلێكی عەیار بیست و یەكن! باشە چۆن ئەو بەناو سیاسەتەی كە ئێوە پەیڕەوی دەكەن بریتییە لە سیاسەی شەرعی كە وەلائتان بۆ زاڵم و تاغوتەكان هەیە، بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە بوونی ئاخوند و سەرۆك بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا بە پێویست دەزانین!!؟ ئەی باشە بۆ ئەو هەموو خەڵكەت بە دوای خۆتەوە داوە و حیزبێكت داناوە و خۆ بادەدەی؟! ئەگەر ئێوە لەبەردەم كامێراكان ماستاویان بۆ سارد بكەنەوە باشە دەبێ‌ پاشان چی بكەن كە بەتەنیا بەیەكەوە دادەنیشن؟! ئێوە ئازان لەو مەسەلانەی كە بایەخی بۆ عەقیدەی عەلمانییەكان هەیە، لەسەر داوای ئاغاكانتان قسەی خێر بكەن و كۆڕ و سیمینار ببەستن، چەندین بەرنامەی رادیۆیی و تەلەفزیۆنی ئەنجام بدەن، هەزارەها ووتاری مورجیئاوی بنووسنەوە بۆ ئەوەی ئاغاكانتان كەمێك دڵی پێتان خۆش بێت بە شێوەیەكی كاتی، بێگومان پاداشتی ئێوە لای ئەوان بریتییە لە فلسێكی سوتاو و هیچی تر. خوایە كۆمەڵانێك سەرخەی كە خەڵكی موسڵمان بەرچاو ڕۆشن دەكەن لە پێشهاتە نوێیەكان، وە هیدایەتی ئەوانەش بدەی كە هەڵخەڵەتاون بە بەڵێنی عەلمانییەكان. تا ئێستا تێناگەین عەلمانییەكان چ مژدەنامەیەكییان بۆ بەناو ئیسلامییەكان خوێندۆتەوە، كە بە گورج و گۆڵی بەدەمەوەچوون بۆ چەندین پڕۆژەی عەلمانی؟!

    ئێمە بەرین لەو سیاسەتە: سیاسەتێك بە ناوی مەصلەحەی بانگەواز، مۆسیقا حەڵاڵ بكات، بیدعە و خورافیات بڵاوبكەنەوە، ئافرەتی سفور بێتە سەر شاشەكان كە خەریكی خاڵ و میل ڕشتنن، چاولێكەری بكەن لە بەرنامە عەلمانییەكان، هەواڵی سی ئای ئەی و راپۆرتی رێكخراوە رۆژئاواییەكان بۆ موسڵمانان بخوێننەوە، باشە ئێمە فەرمانمان پێكراوە كە هەواڵی فاسقان بەڕاست نەزانین چ جای بێی هەواڵی گەورەترین دوژمنی سەرسەختی موسڵمانان بڵاوبكەیتەوە و بەڕاستیشی دابنێی!! بەشێكی دیاری راگەیاندنی بەناو ئیسلامی بۆتە مۆسیقاژەنین و بەزمگا و هەڵپەڕین و بەزم و ڕەزم. نایشارینەوە ئێمە لە بانگەوازدا بڕوامان بە شیرین زوانی و روو گەشی و روو خۆشی هەیە. ئێمە بە گۆشەنیگای قورئان و سووننەت سەیری مەسەلەكان دەكەین هەروەها بینا و چاوڕوونین بە تێگەیشتنی سەلەف.

    چەواشەكاری و پرۆسەی گێل كردن: باشە ئەو شێوازەی سیاسەت كردنەی ئێوە چ جۆرە كارسازییەكە؟! سوێند بە خوا ئەو چەواشەكارییەی ئێوە ئەنجامی دەدەن زۆر زۆر زیاتر و مەترسیدارترە لەوەی عەلمانییەكان. كار بگاتە ئەوەی كەسێك بەناوی نوخبەی ئیسلامی بڵێت: خوا دەفەرموێ‌ ئێوە واز لە دین بێنن بەس پێكەوە بژین!!!؟ درۆ بە دەمی خوا دەكەن بەس بۆئەوەی عەلمانییەكان بە پەڕگیر و رادیكاڵ ناوتان نەهێنن. یان یەكێكی تر دەڵێ‌ كەس وەكو گەلی كورد وەكو خۆی لە ئیسلام تێنەگەیشتووە!؟ ئەوە ئەو تێگەیشتنەیە كە كافر و جولەكەی كردۆتە یار و پاڵپشتی خۆی و داوا لە كافران دەكات كە موسڵمانان ئاگرباران بكەن، باسی كوشتنی بە ناهەقیش دەكەن!!؟ ئەوە تێگەیشتنە راستەكەی كوردە كە دوو حیزبی عەلمانی حوكمی كوردستان دەكەن؟! هۆ گۆچانە راستەقینەكانی كوفر و عەلمانییەكان بەردەوام بن لە چەواشەكردنی گەلی موسڵمان و كڵاونانە سەریان لەژێر ناوی بن بڕكردنی توندڕەوی ئایینی، ئیسلامێكی میانەڕەو كە دڵی عەلمانییەكان نەیەشێنێت و كورسی دەسەڵاتییان لەق نەكات بە هەموو قەناعەتی ئێوە دەبێت ئەوە چ ئیسلامێك بێت؟! ئێمە لە كاتێكدا ئەو قسانە دەكەین هەندێك كەس هەر لێی تێناگەن یان تا بیست ساڵی تر، بەڵام ئەو كات چ سوودێكی هەیە. ئەوە خستنەڕووی راستەییەكانە وەكو خۆی نەوەكو سەختگیری هەروەك هەندێك وای پێناسە دەكەن، خوایە شایەد بە ئێمە رامان گەیاند.

    پێناسەكانی سیاسەت لە دەرەوەی شەریعەت: ئەو سیاسەتانەی كە ئەمڕۆ پەیڕەو دەكرێن ئەوەندە سەخت وپێچەڵوپێچ نین كە لێی تێنەگەین، لە ژێر نەشتەری قورئان و سوننەت روون و ئاشكران. ئەوەیە مانای راستەقینەی چەمكی سیاسەت لە لای ئێمە، هەر شتێك لە دەرەوەی چوارچێوە فراوانەكەی بازنەی ئەم پێناسانەی كە باسمان كرد بریتییە لە بگرە و بەردە و چەقە و گوڕە، درۆكردن، فێڵ كردن، دەست درێژی و غەدر و ناپاكی، جەهالەت بە بەرگ و پۆشتەی نوێ‌، ئێمە بەرین لە هەموو ئەوانە، تەبەڕا لە هەموو سیاسەتێك كە توند و قاییم نەبێت بە بەڵگەی قورئان و سوننەتی صەحیح.


    نووسینی: عبدالولی كوردی
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: سیاسەتی شەرعی...یان سیاسەتی گەمژەكردن؟! ئەو سیاسەتەی كە دڵی عەلمانییەكان نایەشێنێت و كورسییان لەق ناكات!! Rating: 5 Reviewed By: tweshu
    Scroll to Top