• نوێ

    الجمعة، 6 ديسمبر 2013

    خێزانی حەوتەمی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم): خاتوو زەینەبی كچی جەحش(رەزای خواى لێ بێت)


    ـ خێزانی حەوتەمی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئافرەتێكی ناوداری قوڕەیش بووە بە ناوی: (زَیْنَبَ بِنْتِ جَحْشٍ بْنِ رئَابٍ) دایكیشی ناوی (أُمَیْمَەُ بِنْتُ عَبْدِ الْمُطلِبِ بْنِ هَاشِمٍ)ە.
    ـ خاتوو زەینەب پوورزای پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) خۆیەتی، خوشكی (عبدالله بن جَحْش)ە كە هەڵگری یەكەم ئاڵای ئیسلامیی بووە، خوشكەزای سەروەری شەهیدان (حَمْزَەُ بْنُ عَبْدِ الْمُطلِبِ)ە.


    ـ خاتوو زەینەب لە منداڵییدا ناوی (بَرَّە) بووە، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ناوەكەی گۆڕیوە بە زەینەب، چونكە وشەی (بَرَّە) واتای بەخشندە و چاكەكارە، خوای گەورەش دەفەرموێت: (فَلا تُزَكُّوا أَنْفُسَكُمْ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنِ اتَّقَي).
    واتە: خۆتان وەسفی خۆتان مەكەن و خۆتان بە باش لە قەڵەم مەدەن، چونكە هەر خوا دەزانێت كێ باشە و لەخواترسە؟
    ـ بەر لە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم)، خاتوو زەینەب خێزانی هاوەڵێكی ئازیز و خۆشەویستی پێغەمبەر بوو (صلى الله علیە وسلم)، بە ناوی (زَیْدِ بْنِ حَاڕثة) ئەم پیاوە بەڕێزە هەر بە منداڵی كۆیلە دەكرێت و لە بازاڕی عوكاز دا دەفرۆشرێت و حەكیمی كوڕی حوزام بە چوارسەد درهەم بۆ خەدیجەی كچی خوەیلدی پووری دەكڕێت، پاشتر كە خاتوو خەدیجە دەبێتە خێزانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەیبەخشێتە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، زەید ئەو كاتە تەمەنی هەشت ساڵان دەبێت، ماوەیەكی زۆر زەید لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) دەمێنێتەوە، تا ساڵێكیان خەڵكانێك لە بنەماڵەی زەید دێن بۆ مەككە و لەوێ زەید دەبینن و دەیناسنەوە، دەچن هەواڵ بۆ كەس و كاری دەبەنەوە، رۆژێك (حَاڕثة)ی باوكی و (كَعْب)ی مامی دێنە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و داوای ئەوە دەكەن كە كوڕەكەیان پێ بفرۆشێتەوە، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لە وەڵامدا دەفەرموێت: زەید بانگ بكەن ئەگەر رازی بوو لەگەڵتان بگەڕێتەوە ئەوە من رێگری لێ ناكەم و دەتاندەمەوە، بەڵام ئەگەر ویستی لەگەڵ من بمێنێتەوە ئەوە نابێت ئێوەش رێگری لێ بكەن، كاتێك زەیدیان بانگ كرد، زەید وتی: لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) دەمێنمەوە، باوكی زۆری پێ ناخۆش بوو، وتی: سەرسەخت چۆن كۆیلایەتی بەسەر ئازادییدا هەڵدەبژێریت، ئەویش لە وەڵامدا وتی: وەڵڵاهی ئەوەندەم چاكە لەم پیاوە بینیوە، بۆ هیچ كەسێك ئەو جێ ناهێڵم، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) كە ئەم هەڵوێستەی زەیدی بینی دەستی گرت و بردیە دەرەوە و فەرموووی: خەڵكینە ئێوە بە شایەت بن زەید كوڕی منە و میراتم لێ دەبات و منیش میرات لەو دەبەم، بەم شێوەیە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) زەیدی لە كۆیلەیی رزگار كرد و ئازادی كرد و كردیە كوڕی خۆی، ئیتر لە ناو خەڵكدا هەر بە زەیدی كوڕ موحەممەد دەناسرا.
    ـ پاش ئەوەی كە ئیسلام یاسای بەكوڕكردنی هەڵوەشاندەوە، وەك قەرەبوویەك بۆ ئەوەی كە نەسەبی زەید لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) هەڵوەشایەوە، خوای پەروەردگار لە قورئاندا ناوی زەیدی تۆمار كرد، لە كاتێكدا هیچ هاوەڵێكی تری پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تەنانەت ئەبوبەكر و عومەریش (رەزای خوایان لێ بێت) ناویان لە قورئاندا نەهاتووە و باس نەكراون.
    ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەوەندە زەیدی خۆشدەویست لە ناو موسڵماناندا بە خۆشەویستی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەناسرا و بانگ دەكرا، هەر بە هۆی ئەو خۆشەویستییەوە بوو كە پێَغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) منداڵەكانی زەیدیشی هەر خۆشدەویست، بۆیە بە ئوسامەی كوڕی زەیدیشیان دەوت: (الحبُّ ابن الحبِّ). واتە: خۆشەویستی كوڕی خۆشەویست، عەبدوڵڵای كوڕی عومەر دەفەرموێت: جارێكیان باوكم پارەی دابەش دەكرد، لە من زیاتری دا بە ئوسامەی كوڕی زەید، منیش پرسیارم لێ كرد و وتم: بابە بۆچی زیاتر دەدەیتە ئەو؟ ئیمامی عومەریش لە وەڵامدا فەرمووی: كوڕم پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەوی لە تۆ زیاتر خۆشدەویست، باوكیشی لە باوكی تۆ زیاتر خۆشدەویست.
    ـ كاتێك زەید گەورە دەبێت، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بیری لەوە كردەوە كە ژنی بۆ بهێنێت، سەرەتا ئافرەتێكی بۆ خواست بە ناوی (أمَّ أیمن) زەید لەو ئافرەتە (أسَامَە)ی بوو، پاشتر زەید (أمَّ أیمن)ی تەڵاق دا و لێی جیا بووەوە، پاش ئەو پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) خاتوو زەینەبی بۆ هەڵبژارد كە پوورزای خۆی بوو، كچی یەكێك بوو لە هەرە بنەماڵە ناودارەكانی قوڕەیش، ئافرەتێكی زۆر هەڵكەوتوو جوان بوو.
    ـ كاتێك پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) چووە داوای خاتوو زەینەب و باسی هاوسەرگیریی لەگەڵ كردەوە، سەرەتا خاتوو زەینەب زۆری پێ خۆش بوو چونكە وای دەزانی كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بۆ خۆی داوا دەكات، بەڵام دواتر كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) پێشنیازی زەیدی بۆ كرد زۆری پێ ناخۆش بوو، زەیدی بە هاوشانی خۆی نەدەبینی، راوێژی بە عەبدوڵڵای برای كرد، ئەویش هەر هەمان هەڵوێستی هەبوو، پێی ناخۆش بوو خوشكەكەی شوو بە كەسێك بكات كە كاتی خۆی كۆیلە بووە، پاشتر وەك رێزلێنانێك لە پێشنیازەكەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و جەخت كردنەوە لە سەر هەڵوێستەكەی خوای پەروەردگار ئایەتی لەسەر پێشنیازەكەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و هەڵوێستەكەی ئەوان ناردە خوارەوە و لەو بارەیەوە فەرمووی: [وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَي اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرََسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلالاً مُبِيناً].
    واتە: هیچ باوەڕدارێك بۆی نییە كە خوا و پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بڕیارێكیان دا جگەلە بڕیارەكەی ئەوان شتێكی تر پەسەند بكەن، یان بڕیارێكی تر بدەن، پاش هاتنە خوارەوەی ئەو ئایەتە خاتوو زەینەب فەرمووی: سەرپێچی فەرمانی خودا و پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ناكەم، شووی پێ دەكەم، ئیتر خاتوو زەینەب و عەبدوڵڵای برای رازی بوون لەسەر پێشنیازەكەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و خاتوو زەینەب شووی بە زەید كرد.
    ـ ژیانی هاوسەری خاتوو زەینەب لەگەڵ زەید سەركەوتوو نەبوو، بەهۆی ئەوەی كە خاتوو زەینەب زەیدی بە شایەن و هاوشانی خۆی نەدەبینی، سروشتیشی وا بووە كە زۆر زوو توڕە بووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە كێشە و ناكۆكی كەوتە نێوانیانەوە و هەموو جار زەید دەهاتە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و سكاڵای لە دەست خاتوو زەینەب دەكرد و دەیوت: زەینەب زۆر توندە لەگەڵم و دەمەوێت لێی جیا ببمەوە، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) هەموو جارێك ئامۆژگاری دەكرد و ساردی دەكردەوە و دەیوت: لە خوا بترسە و ئارامی لەگەڵ بگرە و تەڵاقی مەدە، ئەمە لە كاتێكدا بوو كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) سوور دەیزانی و جبریل ئاگاداری كردبووەوە كە زەید زەینەب هەر تەڵاق دەدات، پاشتر دەبێت خۆی بیخوازێت.
    ـ هەرچەندە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەو راستییەشی دەزانی، بەڵام ئەم كارەی زۆر بەلاوە قورس بوو، لە قسەی خەڵكی دووڕوو و بێباوەڕ زۆر دەترسا كە بڵێن: موحەممەد (صلى الله علیە وسلم) خێزانی كوڕەكەی خۆی مارە كردووەتەوە، بۆیە ئەمەی بە كەس نەدەگوت و راینەدەگەیاند، لەگەڵ ئەوەیشی كە خوای پەروەردگار بەر لەم كێشەیەیش ئەو یاسا و دابونەریتەی سەردەمی نەفامی هەڵوەشاندبووەوە و یاسای بەكوڕكردنی پوچەڵ كردبووەوە و لەو بارەیەشەوە ئایەتی ناردبووە خوارەوە كە تێدایدا هاتبوو: [وَمَا جَعَلَ أَدْعِيَا‌وكُمْ أَبْنَا‌وكُمْ ذَلِكُمْ قَوْلُكُم بِأَفْؤاهِكُمْ وَاللَّهُ يَقُولُ الْحَقَّ وَهُؤ يَهْدِي السَّبِيلَ ادْعُوهُمْ لَابَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِندَ اللَّهِ].
    واتە: خوای پەروەردگار ئەو منداڵانە بە كوڕی ئێوە ئەژمار ناكات كە ئێوە خۆتان دەیانكەنە كوڕی خۆتان و نەسەبیان دەدەنە پاڵ خۆتان، ئەوە تەنیا قسەی زارەكی ئێوەیە و لە ڕاستییدا ئەوانە كوڕی ئێوە نین، راستی لەوەدایە كە خوای پەروەردگار دەیفەرموێت، هەر ئەویش رێگای راستتان پیشان دەدات، ئەو كەسانەی كردوتانن بە كوڕی خۆتان بە ناوی باوكی خۆیانەوە بانگیان بكەن، ئەوە باشتر و دادوەرانەترە.
    بەڵام سەرەڕای ئەم فەرموودە روون و ئاشكرایانەش خەڵكانێك هەبوون هێشتا شوێنەواری ئەو یاسا نەفامیەیان هەر لەدڵدا مابوو، بۆیە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) زۆر لەوە دەترسا كە دوژمنان و ناحەزانی ئەم هەلە بقۆزنەوە و بیكەنە رەخنە و تانەیەك بەسەر پێغەمبەرەوە (صلى الله علیە وسلم)، هەتا كار گەیشتە ئەوەی كە خوای پەروەردگار لەسەر ئەم كێشەیە راشكاوانە گلەیی لە هەڵوێستی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بكات و چەند ئایەتێك لەم بارەیەوە بنێرێتە خوارەوە و تێیدا بفەرموێت: [وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَي النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ]. (سورة الَاحزاب:37).
    واتە: كە تۆ بەو كەسەت دەوت - دیارە مەبەست لەو كەسە زەیدە- كە خوا چاكە و بەخششی زۆری لەگەڵ كردووە و تۆیش چاكە و بەخششت لەگەڵ كردووە، لە خوا بترسە و خێزانەكەت تەڵاق مەدە، شتێك دەشاریتەوە و پەنهانی دەكەیت كە خوا دەیەوێت ئاشكرای بكات، لە قسەی خەڵكی دەترسیت، لە كاتێكدا خوا زیاتر شایەنی ئەوەیە كە تۆ لێی بترسیت.
    ـ ژیانی هاوسەری زەید لەگەڵ خاتوو زەینەب رۆژبەڕۆژ زیاتر رووی لە گرژی و ئاڵۆزی دەكرد، تا سەرئەنجام زەید لە خاتوو زەینەب جیا بووەوە.
    ـ پاش ئەوەی زەید خاتوو زەینەبی تەڵاق دا پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لەسەر فەرمانی خوای پەروەردگار و بێ گوێدانە قسەی خەڵكانی بەد و دووڕوو، داوای خاتوو زەینەبی كرد، بەڵام ئەمجارەیان خۆی قسەی لەگەڵ خاتوو زەینەب نەكرد، بەڵكو زەیدی هاوسەری پێشووی راسپارد كە ئەو بچێت و بۆی داوا بكات، زەیدیش بەخۆشحاڵییەوە چوو داوای خاتوو زەینەبی بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كرد، زەید خۆی دەگێڕێتەوە و لەو بارەیەوە دەفەرموێت: كە چووم بۆ ئەوەی خوازبێنی بكەم، خەریك بوو هەویری دەشێلا، كە چاوم پێی كەوت بیرم كردەوە كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) داوای دەكات و دەبێتە خێزانی ئەو، ئەوەندە گەورە بوو لەلام نەمتوانی سەیری بكەم و گەڕامەوە دواوە و پشتم تێكرد و پاشان پێم وت: زەینەب پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) منی ناردووە و داوای هاوسەرییت لێ دەكات، ئەویش لە وەڵامدا وتی: من هیچ بڕیارێك نادەم، هەتا مۆڵەت و فەرمانی خوای لەسەر نەبێت -مەبەستی ئەوە بوو كە تا نوێژی ئیستخارەی بۆ نەكات- پاشان هەستا و نوێژی كرد و دواتر رەزامەندیی نواند لەسەر ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بكات.
    ـ لە مانگی ذوالقعدەی ساڵی پێنجی كۆچی خاتوو زەینەب ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) دەستپێكرد.
    ـ خاتوو زەینەب یەكێك بووە لەو ئافرەتانەی كە زیاد لەوەی خوای پەروەردگار بۆ هاوسەری پێغەمبەرەكەی (صلى الله علیە وسلم) هەڵیبژاردووە، میهر و بەخششی زۆری تری لەگەڵ كردبوو لەوانە:
    أـ خوای پەروەردگار لە سەروو حەوت ئاسمانەوە شایەتی باوەڕداری بۆ داوە، لەو ئایەتەی كە دەفەرموێت: [وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَي اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْراً أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ].
    مەبەست لە [مُؤمِنٍ] وَ [مُؤْمِنَة] لەم ئایەتەدا وەكو زانایان و راڤەكارانی قورئان دەفەرموون عەبدوڵڵای كوڕی جەحش و خاتوو زەینەبی خوشكی بووە.
    ب ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) شایەتی میهرەبانی و بەخشندەیی بۆ داوە، لەو بارەیەوە خاتوو عائیشە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بە خێزانەكانی دەفەرموو: {أَسْرَعُكُنَّ لَحَاقًا بِي أَطْوَلُكُنَّ يَدًا)
    واتە: كامەتان لە هەمووتان دەستی درێژتر بێت، ئەوە لە دوای كۆچی دوایی من لە هەمووتان زووتر بە من دەگات،
    جا خاتوو عائیشە دەفەرموێت: لە دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كاتێك كە لەگەڵ خێزانەكانی تری پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كۆ دەبوینەوە، هەموومان دەستمان رووەو دیوارەكە درێژ دەكرد و بە دارێك دەمانپێوا، تا بزانین كاممان لە هەموومان دەستی درێژترە، چونكە واماندەزانی مەبەستی پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لەو فەرموودەیە درێژی دەستەكانی لاشەمانە، خاتوو سەودە دەستی لە هەموومان درێژتر بوو، تا خاتوو زەینەب بەر لە هەموومان كۆچی دوایی كرد، ئەوجا زانیمان كە مەبەستی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە درێژی دەست، بەخشندەیی و خێر و چاكە بوو، نەك درێژیی دەستەكانی لاشەمان، لەبەر ئەوەی خاتوو زەینەب لەو رووەوە دەستەكانی كورت بوون، بەڵام ئەو لە هەموومان بەخشندەتر بوو، بە دەستەكانی خۆی كاری دەكرد و پێستەی خۆش دەكرد و شتی دەچنی و پاشان پارەكەی لە رێگەی خودادا دەبەخشی.
    ت ـ بە شایەتی خاتوو عائیشەیش خاتوو زەینەب باشترینی كەس بووە لە نێوان ئەو خێزانانەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كە ئەو لەگەڵیان ژیاوە و لەم بارەیەوە دەفەرموێت: لە نێوان خێزانەكانی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) تەنیا خاتوو زەینەب هاوشانی من بوو، هەمان رێز و پێگەی منی هەبوو لەلای پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم)، هیچ ئافرەتێكی ترم نەبینیوە كە لەو دیندارتر، راستگۆتر، بەخشندەتر و خزمدۆستتر بێت.
    پ ـ خوای پەروەردگار بە فەرمانی خۆی و لە قورئاندا، فەرمانی بە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) كرد كە دەبێت خاتوو زەینەب بكاتە هاوسەری خۆی، هەر خۆیشی لە ئاسمانەوە بە شایەتی جبریل و سەرجەم فریشتەكان لە پێغەمبەری خودای (صلى الله علیە وسلم) مارە كرد، خاتوو زەینەب لەسەر زەوی مارە نەكراوە لە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و خوای پەروەردگار لەم بارەیەوە دەفەرموێت: [فَلَمَّا قَضَي زَيْدٌ مِنْهَا وَطَراً زَوَّجْنَاكَهَا].
    واتە: كاتێك زەید دەستی لە زەینەب هەڵگرت و پەیوەندییان كۆتایی هات لە تۆمان مارە كرد و كردمانە هاوسەری تۆ.
    هەر بۆیە خاتوو زەینەب زۆر شانازیی بەوەوە دەكرد لە ناو خێزانەكانی تری پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) و هەمیشە پێی دەوتن: ئێوە باوك و برا و كەس و كارتان داونی بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و لێی مارە كردوون، بەڵام من خوای گەورە لە سەروو حەوت ئاسمانەوە داومی بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و لێی مارە كردووم، جگە لە خاتوو زەینەب خوای گەورە ئەم بەخششەی لەگەڵ هیچ ئافرەتێكی تر نەكردووە.
    ج ـ یەكەم كەس بووە لە خێزانەكانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كە پاش وەفاتی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كۆچی دوایی كردووە.
    ح ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لە ئاهەنگی گواستنەوەكەیدا مەڕێكی سەر بڕیوە، لە گواستنەوەی هیچ خێزانێكی تریدا مەڕی سەرنەبڕیوە.
    ـ لە ساڵی بیستی كۆچی و لە تەمەنی پەنجا و سێ ساڵیدا و لە سەردەمی جێنشینی ئیمامی عومەر (رەزای خوای لێبێت) خاتوو زەینەب كۆچی دوایی كردووە، پاش خۆی هیچ شتێكی وەك میراتی جێ نەهێشتووە، ئیمامی عومەر خۆی بە ئامادە بوونی خەڵكێكی زۆر نوێژی مردووی لەسەر خوێندووە و تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی بەقیعبەخاك سپێردراوە.
    ـ خاتوو زەینەب لە تەمەنی پڕ لە فەڕی لەگەڵ پێغەمبەری خوادا (صلى الله علیە وسلم) یازدە فەرموودەی لە پێغەمبەری خوداوە (صلى الله علیە وسلم) گێڕاوەتەوە و بوخاری و موسلیم لە سەر گێڕانەوەی دوان لەو فەرموودانە كۆك بوون.
    ـ ئامانجی سەرەكی لەم هاوسەرگیرییەی پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لەگەڵ خاتوو زەینەب ئەوە بووە كە خوای پەروەردگار ویستویەتی بە شێوەیەكی كرداری و لەسەر دەستی پێغەمبەرەكەی (صلى الله علیە وسلم) بە تەواوەتی یاسا و دابونەریتی بەكوڕكردن و شوێنەوارەكانی لە دڵ و دەروونی موسڵماناندا هەڵبووەشێنێتەوە و بسڕێتەوە، چونكە پێشتر موسڵمانانی لەوە ئاگادار كردبووەوە كە یاسای بەكوڕكردن كارێكی ناشیاوە و یاساغە، ئەو منداڵانەی كە خەڵكێك كردونیان بە كوڕی خۆیان دەبێت بە ناوی باوكی راستیی خۆیانەوە بانگ بكرێن و چەند ئایەتێكی لەم بارەیەوە ناردە خوارەوە و تێیدا فەرموی: [وَمَا جَعَلَ أَدْعِيَا‌ءكُمْ أَبْنَا‌وكُمْ ذَلِكُمْ قَوْلُكُم بِأَفْوَاهِكُمْ وَاللَّهُ يَقُولُ الْحَقَّ وَهُوَ يَهْدِي السَّبِيلَ ادْعُوهُمْ لَابَائِهِمْ هُوَ أَقْسَطُ عِندَ اللَّهِ فَإِن لَّمْ تَعْلَمُوا آبَا‌وهُمْ فَإِخْؤانُكُمْ فِي الدِّينِ وَمَوَالِيكُمْ ؤلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ فِيمَا أَخْطَأْتُم بِهِ وَلَكِن مَّا تَعَمَّدَتْ قُلُوبُكُمْ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا].
    كەواتە ئامانجی سەرەكی ئەم هاوسەرگیرییە بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی دابونەریتێكی كۆمەڵایەتی سەردەمی نەفامی، خوای گەورەیش بە راشكاوی باسی لە ئامانجی ئەم هاوسەرگیرییە كردووە و فەرمویەتی: [لِكَيْ لا يَكُونَ عَلَي الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْواجِ أَدْعِيَائِهِمْ].
    واتە: بۆیە خاتوو زەینەبمان كردە هاوسەری تۆ، تا باوەڕداران هیچ دوودڵی و گومانێكیان نەمێنێت لە مارەكردنەوەی خێزانی ئەو مناڵانەی كە كردوویاننەتە كوڕی خۆیان.
    ـ ئێمە وەكو پێشتریش باسمان كرد بەڵگەكانی قورئان، فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، قسەی هاوەڵان و گێڕانەوە مێژوییە راست و دروستەكان، پشتڕاستی ئەوە دەكەنەوە كە هەموو هەنگاوێك لە هەنگاوەكانی ئەم هاوسەرگیرییە فەرمان و ویستی خوای لەسەر بووە و بەهیچ شێوەیەك حەز و ئارەزوو ویستی پێغەمبەری (صلى الله علیە وسلم) تێدا رەچاو نەكراوە، بەڵام ناحەزانی ئیسلام وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان لە كۆن و نوێدا كۆمەڵێك قسەی بێبنەما و دوور لە راستییان هەڵبەستووە، لەم بارەیەوە كە وەك تانە و رەخنە دژ بە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) و مێژووی پاكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەكاری دەهێنن، زۆر بەداخەوە زۆرێك لەو قسە بێبنەما و هەڵبەستراوانە دزەیان كردووەتە ناو كۆمەڵێك سەرچاوەی رەسەنی ئیسلامییەوە و لە پەڕتووكەكانی راڤەكردنی قورئان و فەرموودە و مێژوو و.. هتد، بەرچاوی خوێنەر دەكەون، خاوەنی ئەو سەرچاوانەش ئەو قسانەیان گێڕاوەتەوە، بەبێ ئەوەی خوێنەر ئاگادار بكەنەوە لە سەر دروستی، یان هەڵبەستراوی ئەو قسانە، خەڵكانێكی زۆریش بەهۆی ئەوەوە بەهەڵەدا چوون.
    هەموو ئەو قسانەیش لەگەڵ زۆریی و بۆرییاندا جەخت لە سەر دوو خاڵ دەكەنەوە:
    یەكەم: لە رووی چۆنێتیەوە ناحەزان و بێباوەڕان زۆر باسی ئەوە دەكەن كە گوایە هاوسەرگیریی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەگەڵ خاتوو زەینەب لە سەر حەز و ئارەزوو و خواستی پێغەمبەر بووە (صلى الله علیە وسلم)، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە گوایە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) رۆژێك لە رۆژان دەچێتە ماڵی زەید و لەوێ چاوی بە خاتوو زەینەب دەكەوێت، كە جلێكی تەنكی لەبەردا دەبێت، ئیتر لەو كاتەوە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) خولیای خاتوو زەینەب دەبێت، زەیدیش كە بەمە دەزانێت لەبەر پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) خاتوو زەینەب تەڵاق دەدات.
    دووەم: لە رووی چەندێتیشەوە ناحەزان قسە لەسەر ئەوە دەكەن كە بە پێی رێنماییەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پیاو بۆی هەیە تەنیا چوار ژن بهێنێت، بەڵام خاتوو زەینەب خێزانی پێنجەمی پێغەمبەر بووە (صلى الله علیە وسلم) و پاش خاتوو زەینەبیش پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) چەندین خێزانی تری هێناوە، جا چۆن پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەم كارەی بۆ خۆی بە دروست زانیوە، بەڵام لە خەڵكی تری یاساغ و حەرام كردووە؟.
    ـ ئێمە لێرەدا بۆ روونكردنەوەی راستییەكان و رەواندنەوەی ئەو جۆرە گومانانە، سەرەتا لە سەر چۆنێتی روودانی ئەم هاوسەرگیرییە چەند خاڵێك دەخەینە روو:
    أـ ئێمەی باوەڕدار یەكەمین سەرچاوە كە پشتی پێ دەبەستین، بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك، یان چارەسەركردنی هەر كێشەیەك، یان رەواندنەوەی هەرگومانێك، بریتییە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی خوای گەورە، لێرەیشدا یەكەمین سەرچاوە كە پشتی پێ ببەستین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گومانانە قورئانی پیرۆزە، بۆیە دەچینە خزمەت قورئانی پیرۆز بزانین چۆن باسی ئەم هاوسەرگیرییەمان بۆ دەكات، بەر لەوەی بچینە سەر باسەكەیشمان سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین كە خوای پەروەردگار چیرۆكی هیچ هاوسەرگیرییەكی پێغەمبەری (صلى الله علیە وسلم) لە قورئاندا باس نەكردووە و تۆمار نەكردووە، جگە لە چیرۆكی هاوسەرگیریی خاتوو زەینەب نەبێت، كە گشت وردەكارییەكانی تۆمار كردووە، دیارە خوای پەروەردگار باشی زانیوە كە دووڕوو و بێباوەڕان لەسەر ئەم هاوسەرگیرییە بێدەنگ نابن و وەكو پیشەی هەمیشەییان قسە و قسەڵۆكی خۆیان هەڵدەبەستن، بۆیە خوای پەروەردگار بە وردی لە سورەتی ئەحزابدا چیرۆكەكە باس دەكات، جێبەجێكردنی هاوسەرگیرییەكە دەداتە پاڵ خۆی نەك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و دەفەرموێت: [فَلَمَّا قَضَي زَيْدٌ مِنْهَا وَطَراً زَوَّجْنَاكَهَا].
    واتە: كاتێك زەید دەستی لە زەینەب هەڵگرت و پەیوەندییان كۆتایی هات لە تۆمان مارە كرد و كردمانە هاوسەری تۆ، كەواتە هاوسەرگیرییەكە پەروەردگار كردوویەتی و ئەو لە ئاسمانەوە مارەی كردووە نەك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) خۆی ئەم كارەی كردبێت.
    پاشتریش خوای گەورە زۆر بە روونی ئاماژە بە هۆكاری سەرەكی ئەم هاوسەرگیرییە دەكات ودەفەرموێت: [ ِكَيْ لا يَكُونَ عَلَي الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْواجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَراً].
    واتە: بۆیە خاتوو زەینەبمان كردە هاوسەری تۆ، تا باوەڕداران هیچ دوودڵی و گومانێكیان نەمێنێت لە مارەكردنەوەی خێزانی ئەو مناڵانەی كە كردوویاننەتە كوڕی خۆیان، كەواتە ئەمە هۆكاری هاوسەرگیرییەكەیە، نەك هیچ شتێكی تر.
    هەروەها قورئان ئاماژە بەوەیش دەكات كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) وەكو حەز و خواستی خۆی هیچ كات حەزی بەم كارە نەبووە و بگرە جێبەجێكردنی ئەم كارەی زۆر بەلاوە قورس بووە و نەیویستوە رووبەڕووی ببێتەوە، بۆیە سەرەڕای ئەوەیش كە سوور دەیزانی و جبریل ئاگاداری كردبووەوە كە زەید زەینەب هەر تەڵاق دەدات و پاشتر دەبێت خۆی بیخوازێت، بەڵام ئەمەی باس نەدەكرد و نەیدەگوت، لە ترسی قسەی خەڵكی، تا سەرئەنجام كار گەیشتە ئەوەی كە قورئان راشكاوانە گلەیی لە هەڵوێستی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بكات و بفەرموێت: [وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَي النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ].
    واتە: شتێك لە ناخی خۆتدا دەشاریتەوە و پەنهانی دەكەیت كە خوا دەیەوێت ئاشكرای بكات، لە قسەی خەڵكی دەترسیت، لە كاتێكدا خوا زیاتر شایەنی ئەوەیە كە تۆ لێی بترسیت.
    پاشتر خوای پەروەردگار ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئەگەر ویستی كارێك بكات ئەوە حیساب بۆ ویستی هیچ كەسێك ناكات با ئەو كەسە پێغەمبەرییش بێت (صلى الله علیە وسلم)، بۆیە لە كۆتایی ئایەتەكەدا دەفەرموێت: [وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولاً].
    واتە: هەر كارێك فەرمانی خوای لەسەر بێت هەر دەبێت ببێت.
    لە كۆتاییشدا خوای پەروەردگار وەك دڵنەواییەك بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و بەرگرییەك لە هەڵوێستی مەردانە و جوامێرانەی لەمەڕ ئەم كێشەیەدا، وەك وەڵامدانەوەیەكیش بۆ خەڵكانی بێباوەڕ و دووڕوو دەفەرموێت: [مَا كَانَ عَلَي النَّبِيِّ مِنْ حَرَجٍ فِيمَا فَرَضَ اللَّهُ لَهُ].
    واتە: هیچ گلەیی و گازندەیەك لە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ناكرێت، لە ئەنجامدانی كارێكدا كە ویستی خوای لەسەر بێت و بە فەرمانی خودا ئەنجام درابێت.
    هەر بۆیە ئەم ئایەتانەی قورئان زۆر بە روونی راستیی مەسەلەكان دەخەنە رووو، هەموو ئەو قسە و قسەڵۆكانەیش بەدرۆ دەخاتەوە كە ناحەزان هەڵیان دەبەستن و دەیانورووژێنن.
    ئەگەر كەسێك باوەڕدار بێت ئەوە پێویستە باوەڕی بە ورد و درشتی قورئان و فەرموودەكانی پەروەردگار هەبێت و فەرموودەكانی پەروەردگاریش لەم بارەیەوە بەو شێوەیە بوو كە باسمان كرد، كەواتە هەر كەس جگە لەم هۆكارانە هۆكاری تر و شتی تر باس بكات جیاواز لەوەی كە خوای گەورە دەیفەرموێت دەربارەی ئەم هاوسەرگیرییە ئەوە باوەڕی بە خوا و راستیی فەرموودەكانی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
    پاشانیش ئەگەر پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لەبەر حەز و ئارەزووی خۆی ئەم كارەی ئەنجام بدایە، ئایا خوای گەورە لەسەر ئەم تاوان و ستەمەی پێغەمبەرەكەی (صلى الله علیە وسلم) بێدەنگ دەبوو؟ ئایا ئەگەر كارێكی وا رووی بدایە خوا باسی نەدەكرد؟ ئایا هەر هیچ نەبێت گلەیی لە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەدەكرد، كە چۆن كاری وا دەكات لە كاتێكدا لەسەر شتی زۆر لەوە بچووكتر گلەیی لێ كردووە؟
    یان ئایا دەكرێت پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) خوانەكردە كارێكی وا هەڵەی كردبێت و پاشتر خوای گەورە نەك هەر باسی هەڵەكەی نەكردبێت، بەڵكو هەڵەكەی پەردەپۆش كردبێت، زیاد لەوەش كارەكەی دابێتە پاڵ خۆی، ئایا ئەم جۆرە بیروبۆچوونانە تا چەند لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا جێی دەبێتەوە؟.
    ب ـ پاش ئەوەی كە راستیی ئەم هاوسەرگیرییەی پێغەمبەرمان (صلى الله علیە وسلم) باس كرد وەك چۆن خوای گەورە باسی كردووە، دێینە سەر باسێكی ئەو قسانەی كە بە شێوازێكی تر و بە پێچەوانەی قورئانەوە باسی هۆكارەكانی ئەم هاوسەرگیرییەمان بۆ دەكەن، كە زانایانی شارەزای فەرموودە و شەرعزان هەموو ئەو رێگە و شێوازانەیان رەت كردووەتەوە و كاریان پێ نەكردووە، لەبەر دوو هۆی سەرەكی:
    یەكەم: لە رووی رێگەكانی گێڕانەوە (سند)یانەوە هەموو ئەو قسانە لاوازن و خەڵكانێكی بێمتمانە، یان هەر درۆزن گێڕاویانەتەوە و باسیان كردوون، بۆیە زانایان پشتیان پێ نەبەستووە و رەتیان كردووەتەوە، بۆ نموونە ئیمامی (قرگبی) لە تەفسیرەكەیدا دەفەرموێت: (ئەو قسانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) حەزی لە خاتوو زەینەب كردووە، یان لەوانەیە هەندێك خەڵكی نەفس نزم بڵێن شەیدای بووە، ئەو جۆرە قسانە یان خەڵكانێكی نەزان و گێل دەیكەن، یان خەڵكانێك كە سووكایەتی بە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) دەكەن.
    (إبن كپیر)یش دەربارەی ئەو قسە و باسانە دەفەرموێت: (ئیبن ئەبی حاتەم و ئیبن جەریر هەندێك قسە و باس لە پێشینی خۆیانەوە دەگێڕنەوە لەو بارەیەوە، لەبەر نادروستی و ناتەواوییان وامان پێخۆش بوو هەر باسیان نەكەین و گوێیان پێ نەدەین، ئیمامی ئەحمەدیش لەو بارەیەوە قسەیەك لە حەممادی كوڕی زەیدەوە لە سابتەوە لە ئەنەسەوە دەگێڕێتەوە، ئەویش هەر ناتەواوە و نامۆییەكی تێدایە بۆیە ئەویشمان هەر باس نەكردووە). (إبن الحجر)یش پاش ئەوەی كە هەندێك لەو قسانە باس دەكات دەفەرموێت: (ناكرێت مرۆڤ خۆی بەو جۆرە قسانەوە خەریك وسەرقاڵ بكات.
    دووەم: لە روووی دەق(متن)ەكانەوە، دەقەكان هەر یەكە و بەجۆرێك باس لەو مەسەلەیە دەكەن و خۆیان لەناو خۆیاندا جیاوازن و دژ بەیەك دەوەستنەوە، هەر بۆ نموونە هەندێكیان وا باس دەكەن كە گوایە ئەو كاتەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) چووەتە ماڵی زەید، زەید خۆی لە ماڵ نەبووە و خاتوو زەینەب هاتووە و بەخێرهاتنی كردووە، هەندێكی تر وا باسی دەكەن كە نەخێر زەید لە ماڵ بووە، بەڵام نەخۆش بووە، بۆیە خاتوو زەینەب هاتووە بەرەوپیری.
    سەبارەت بە شێوازی بینینی خاتوو زەینەبیش هەندێك ریوایەت وا باس دەكەن كە گوایە خاتوو زەینەب كە زانیویەتی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەبەردەرگایە لە پەلەپەلیدا بیری چووە خۆی پۆشتە بكات و بەو شێوەیە هاتووە دەرگای كردۆتەوە، هەندێكی تر وا باس دەكەن كە گوایە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لە بەر دەرگای ماڵی زەید وەستاوە و دەرگای ماڵەكەیان لە مووی بزن دروست كراوە و لەو كاتەدا بایەك هاتووە و دەرگاكەی هەڵداوەتەوە و پێغەمبەری خودایش (صلى الله علیە وسلم) چاوی پەڕیوەتە سەر خاتوو زەینەب، هەندێكی تریش وا باس دەكەن كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) داوای مۆڵەتی چوونە ژوورەوەی كردووە و خاتوو زەینەبیش فەرمووی لێ كردووە و لەو كاتەدا پۆشتە نەبووە كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بینیویەتی.
    جا سەرەڕای ئەوەی كە ئەو جۆرە قسانە پێچەوانەی قورئان و ئەو فەرموودە دروستانەن، كە جەخت لە سەر ئەوە دەكەنەوە كە زەید خۆی كێشەی لەگەڵ خاتوو زەینەب هەبووە و هەمیشە لای پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) سكاڵای لە دەست كردووە و ویستویەتی لێی جیا ببێتەوە، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) رێگیریی كردووە و نەیویستووە تەڵاقی بدات.
    هەر بۆیە زانایان ئەو قسانە رەت دەكەنەوە و كاری پێناكەن، بەجۆرێك لە درۆ و هەڵبەستراو و هەڵوێستێكی دوژمنكارانە دژ بە ئایین و پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله علیە وسلم) پۆلێنیان كردووە.
    ت- بەڵگەیەكی تر كە ئەو جۆرە قسە و باسانە پووچەڵ دەكاتەوە ئەوەیە كە ئێمە وەكو پێشتر باسمان كرد خاتوو زەینەب پورزای پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) خۆی بووە، هەر لە منداڵییەوە و بەر لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) خاتوو زەینەب لە بەردەستی خۆیدا گەورە بووە، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) سەرپەشتكار و جێڕاوێژی بووە، هەركات پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ویستبێتی بینیوێتی و سەردانی ماڵیانی كردووە، هەموو جوانییەكانی خاتوو زەینەبی بینیوە، بە تایبەتیش لەو كاتانەدا كە هێشتا فەرمانی باڵاپۆشی بۆ ئافرەتان دانەبەزیبوو، كەواتە: ئایا دەگونجێت پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لەو هەموو مێژووی تێكەڵییەی لەگەڵ خانەوادەی خاتوو زەینەب و بەدرێژایی تەمەنی لاوێتی خاتوو زەینەب و بە كچێتی، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) جوانییەكانی خاتوو زەینەبی نەبینیبێت، ڕۆژێك لە رۆژان بە دڵ و خەیاڵیدا نەهاتبێت داوای بكات، بەڵام دواتر و لە سەردەمی پێغەمبەرایەتیدا، لەو كاتەی كە خاتوو زەینەب خێزانی كەسێكی ترە، ئەو كەسەیش پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بە كوڕی خۆی ئەژماری دەكات، پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بۆ تەنیا ساتێك چاوی بە خاتوو زەینەب بكەوێت و لەو ساتەدا شتێكی وەهای بینیبێت كە شەیدای بووبێت؟! بە ڕاستیی ئەمە زۆر دوورە لە راستیی و رەوشتی بەرزی پێغەمبەری سەروەرمانەوە (صلى الله علیە وسلم).
    ت ـ ئەگەر پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بیویستایە خاتوو زەینەب مارە بكات ئایا بۆ لە هەڕەتی لاوێتی خاتوو زەینەب، لەو كاتانەی كە كچ بوو داوای نەدەكرد، لە كاتێكدا هیچ شتێكیش رێگر نەبووە لە بەردەمیدا، خاتوو زەینەب بە ئاواتی دەخواست كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) داوای بكات، جا ئایا دەگونجێت كەسێك بە كچی جێی تێبینی و سەرنجی كەسێك نەبێت، بەڵام پاش ئەوەی كە شوو دەكات و دەبێتە خێزانی كەسێكی تر ئەوجا حەزی لێ بكات و بیەوێت بیخوازێت؟.
    ج ـ گریمان ئەو جۆرە قسە و باسانە راستن، پێغەمبەری خودایش (صلى الله علیە وسلم) حەزی لە خاتوو زەینەب كردووە، بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێت وەكو تاوان سەیری بكرێت و هەوڵ بدرێت كە پەردەپۆش بكرێت و پێغەمبەری خودایش (صلى الله علیە وسلم) تەوبە لەو حەزەی خۆی بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینین خوای پەروەردگار لە قورئاندا فەرمان بە ئاشكرا كردن و راگەیاندنی فەرمانی خۆی و هەڵوێستی پێغەمبەرەكەی (صلى الله علیە وسلم) دەكات، هەڵی دەنێت بۆ ئەوەی هیچ شەرم نەكات و تەنیا لە خوای پەروەردگار بترسێت، جا ئەگەر ئەو هەڵوێستە تاوانكارانە بوو چۆن پەروەردگار فەرمان بە ئاشكراكردنی ئەو تاوانە دەكات، كە ئەنجامدەرەكەی پێغەمبەرەكەیەتی، یان چۆن هەڵی دەنێت كە لە ئەنجامدانی ئەو هەڵوێستە تاوانكارییەی تەنیا لە خوا بترسێت؟ لە كاتێكدا مرۆڤ لە ئەنجامدانی كاری چاكەدا هەڵدەنرێت كە تەنیا لە خوا بترسێت، نەك لە كاری تاوانكارییدا، چونكە ئەوە وەك ئەوە وایە كەسێك خەریكی ئەنجامدانی تاوانێك بێت تۆیش پێی بڵێیت: كاری خۆت بكە و تەنیا لە خوا نەبێت لە كەس نەترسیت، بەڵكو دەبێت پێی بوترێت: لەخوا بترسە و كاری وا ئەنجام نەدەیت، ئەویش ئەگەر لە خوا بترسێت دەبێت دەستبەرداری كارەكەی بێت، بەڵام سەرەنجامی چیرۆكی ئەو هاوسەرگیرییە بە پێچەوانە بوو، سەرەنجام خاتوو زەینەب لەسەر فەرمانی خودا بووە خێزانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم).
    ح ـ ئەگەر ئەم جۆرە قسانە راست بن ئایا چۆن پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) قبوڵی كرد كە لەبەر حەزی خۆی سەر لە خەڵكێكی تر تێك بدات؟ ئەگەر گریمان ئەویش قبوڵی ئەوەی كرد ئایا زەید ئەوەی چۆن لە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) قبوڵ كرد كە حەز لە خێزانەكەی بكات؟ نەك هەر ئەوەندە بەڵكو بڕوات بۆی تەڵاق بدات، پاشانیش هەر خۆی بچێت بۆی داوا بكات و خوازبێنیشی بۆ بكات؟!.
    ئەم جۆرە پرسیارانە و چەندین پرسیاری تری بێوەڵام لەم بارەیەوە ئەو جۆرە قسە و باسانە رەت دەكەنەوەو بە درۆیان دەخەنەوە، ئەمە لە رووی چۆنێتی ئەنجامدانی ئەو هاوسەرگیرییەوە.

    خاڵی دووەم: كە ناحەزان قسەی لەسەر دەكەن لە رووی چەندێتییەوەیە، كە بە پێی رێنماییەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پیاو بۆی هەیە تەنیا چوار ژن بهێنێت، بەڵام خاتوو زەینەب خێزانی پێنجەمی پێغەمبەر بووە (صلى الله علیە وسلم)، پاش خاتوو زەینەبیش پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) چەندین خێزانی تری هێناوە. چۆن پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەم كارەی بۆ خۆی بە دروست زانیوە، بەڵام لە خەڵكی تری یاساغ كردووە؟.
    بۆ روونكردنەوەی ئەم جۆرە گومانەش دەڵێین: راستە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لە رووی دروستكردنەوە وەكو ئێمە مرۆڤێكی سادە بووە، لە رووكەشدا بەهەمان شێوە و لە هەمان كەرەسە و كانزای ئێمە دروست بووە، بەڵام لە رووی كەسایەتی و ئەرك و بەرنامەی ژیانەوە، كەسایەتی و ئەرك و بەرنامەی ژیانی ئەو شێوازێكی تایبەتمەندانەی هەبووە لە گشت رووەیەكەوە، نەك تەنیا لە سەردەمی پێغەمبەرایەتیدا، بەڵكو بەر لەوەیش كە هەر بێتە ژیانی دونیایش، ئەم تایبەتمەندێتیانەیش دەستی پێغەمبەری (صلى الله علیە وسلم) تێدا نەبووە و خۆیشی هەڵی نەبژاردووە و بەرنامەرێژیی بۆ نەكردووە، بەڵكو ویستی خوای پەروەردگار وا بووە و ئەو ئەو قەدەرانەی بەو شێوەیە هێناوەتە پێش، بۆ مەبەستێك كە خۆی ویستویەتی، هەر وەك چۆن خوای پەروەردگار بە موسا دەفەرموێت: [وَاصْطَنَعْتُكَ لِنَفْسِي].
    واتە: بەتایبەت تۆم بۆ خۆم دروست كردووە، پێغەمبەری خۆیشمان (صلى الله علیە وسلم) هەر بەو شێوەیە بووە.
    مەرج نییە هەموو ئەو تایبەتمەندێتییانە لە بەرژەوەندیی ئەو بووبن، بەڵكو زۆر جارلە رووی دونیاییەوە بە زیانی ئەو شكاونەتەوە و خواست و ویستی خۆی لەسەر نەبووە، بەڵام خوای كاربەجێ وای ویستوە و ئەویش تەنیا مافی جێبەجێكردنی پێ دراوە.
    بە تایبەتیش لە مەسەلەی هاوسەرگیریی لەگەڵ خاتوو زەینەب، كە لە رووی چەندێتیەوە بە پێنجەم خێزانی ئەژمار دەكرێت، كە بەپێی دەقی قورئان پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەم هاوسەرگیرییەی زۆر بەلاوە قورس بوو، بەڵام فەرمانەكەی خوای پەروەردگاری لە قسەی خەڵكیی پێ لە پێشتر بوو، بۆیە سەرەنجام كارەكەی جێبەجێ كرد.
    هەر بۆیە ویستی خوا وابوو كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لە مەسەلەی هاوسەرگیرێتییدا تایبەتمەندێتییەكی هەبێت، بەڵام خۆ ئەم تایبەتمەندێتییە لە بەر تێركردنی حەز و ئارەزووەكانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەبوون، بەڵكو لە بەرژەوەندی بانگەواز و ئایینی ئیسلامدا بەكار هاتووە، چونكە ئەگەر بە وردی سەیر بكەین دەبینین هەرچی ئەو خێزانانەی تر كە هێناونی دوای چوار خێزانی یەكەمی هەمووی بێوەژن و ئافرەتی بەتەمەن و قەیرە بوون، یەك كچیشیان تێدا نەبووە، لە كاتێكدا ئەگەر پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئەم تایبەتمەندێتییەی بۆ حەز و ئارەزووی خۆی قۆرخ بكردایە، دەبوو هەموو ئەو خێزانانەی تری كچی جوان و تازەپێگەیشتوو بونایە، لە كاتێكیشدا بۆی دەست دەدا، چونكە ئەو ئەوەندە رێز و خۆشەویستی هەبوو لە دڵی هاوەڵانیدا دەستی بخستایەتە سەر هەر كچێك بە دڵنیاییەوە رەت نەدەكرایەوە و بگرە بە مایەی شانازیشیان دەزانی.
    ئەمە جگە لەوەی كە ئەو خێزانانەی هەموویان دوای تەمەنی پەنجاوپێنج ساڵی هێناوە، واتە هەشت ساڵ پێش وەفاتی خۆی، ئەگەر مەبەستی پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) ئارەزووبازی بوایە، ئەوە دەبوو لە هەڕەتی لاوێتییدا ئەو هەموو ژنانەی بهێنایە، بەڵام ئەمانە هیچی وا نەبوون.
    شتێكی تر كە جێی قسە و باس بێت لێرەدا ئەوەیە: كە پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) تەنیا ئەم تایبەتمەندێتییەی نەبووە لە ژیاندا وەك ناحەزانی باسی لێوە دەكەن و زەقی دەكەنەوە و دەیكەنە مایەی تانە و تەشەر، بەڵكو چەندین تایبەتمەندی تری هەبووە، كە هەمووی ئەرك و بارقورسی بوون لە رووی دونیاییەوە، هەر كەسێكیش دادوەر بێت دەبێت كە قسە لە سەر بابەتێك دەكات، لە هەموو رووویەكەوە قسەی لەسەر بكات وەك چۆنە لە واقیعدا، نەك وەك ئەوەی خۆی دەیەوێت.
    بۆ سەلماندن و زیاتر روونكردنەوەی قسەكان و تیشك خستنە سەر ئەم لایەنەی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەندێك لەو تایبەتمەندێتییانە دەخەینە رووو، بۆ نموونە:
    ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) بۆی هەبووە كە چەند رۆژێك لە سەر یەك بەڕۆژوو بێت، بەبێ ئەوەی رۆژووەكەی بشكێنێت، كە هاوەڵەكانی ویستویانە چاوی لێ بكەن، رێگەی پێ نەداون و فەرموویەتی من وەك ئێوە نیم، عەبدوڵڵا كوڕی عومەر (رەزای خوایان لێ بێت) بۆمان دەگیڕێتەوە و دەفەرموێت: (..{أَنَّ النَّبِيَّ (صلي الله علية وسلم) نَهَي عَنِ الْوِصَالِ} فَقِيلَ لَهُ: إِنَّكَ تُواصِلُ. فَقَالَ: {إِنِّي لَسْتُ كَهَيْئَتِكُمْ}..).
    ـ هەموو موسڵمانێك بۆی هەیە لە كاتی هەژاری و نەدارییدا پارەی زەكات و خێر لە موسڵمانان وەربگرێت، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) لەگەڵ ئەو هەموو هەژاری و نەدارییەیش بۆی نەبووە بەهیچ شێوەیەك زەكات و خێر و بەخشین لە خەڵكی وەربگرێت، یان تەنانەت لێی بخوات. لەم بارەیەیشەوە دەفەرمووێت: {إِنَّ هَذِهِ الصَّدَقَاتِ إِنَّمَا هِيَ‌ أَوْسَاخُ النَّاسِ وَإِنَّهَا لَا تَحِلُّ لِمُحَمَّدٍ وَلَا لَالِ مُحَمَّدٍ}.
    ـ هەموو موسڵمانێك ئازادە لەوەی كە خێزانێكی تەڵاق بدات و خێزانێكی تر بخوازێت، یانئەگەر خێزانێكی مرد یەكێكی تر بخوازێت، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) پاش ئەوخێزانانەی كە هێناویەتی خوای پەروەردگار ئاگاداری كردووەتەوە كە ئەگەر ئەو خێزانانەی تەڵاقیش بدات یان بشمرن، بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە ژنی تر بهێنێت. خوای پەروەردگار لەم بارەیەوە دەفەرمووێت: [لا يَحِلُّ لَكَ النِّسَاءُ مِنْ بَعْدُ وَلا أَنْ تَبَدَّلَ بِهِنَّ مِنْ أَزْوَاجٍ وَلَوْ أَعْجَبَكَ حُسْنُهُنَّ].
    ـ هەر فەرمانڕەوا و كاربەدەستێك ئەگەر بڕیاری شەڕی دا ئاساییە لێی پاشگەز ببێتەوە، یان پاشەكشەی لێبكات، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) هەركات پۆشاكی شەڕی لەبەر كردبێت بۆی نەبووە دایبكەنێت تا ئەو شەڕەی بە ئەنجام نەگەیاندبێت، ژمارەی دوژمنەكانی هەر چەندو هەر چۆن بووبن بۆی نەبووە لەبەریان هەڵبێت و پشتیان لێ هەڵبكات. لەم بارەیەوە دەفەرموێت: {إِنَّهُ لَيْسَ لِنَبِيّ (صلي الله علية وسلم) إِذَا لَبِسَ لَأْمَتَهُ أَنْ يَضَعَهَا حَتَّي يُقَاتِلَ}.
    ـ هەر موسڵمانێك بمرێت هەرچی پارە و پوولی هەیە بۆ میراتگرەكانی خۆی دەبێت، تەنیاپێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) نەبێت كە پاش وەفاتكردنی هەرچی ماڵ و میراتییەكی جێ هێشتبێت نەدراوە بە خێزان و منداڵ و میراتگرەكانی، بەڵكو بەخشراوەتە موسڵمانان و لەم بارەیەوە فەرمویەتی: {لَا نُورَثُ مَا تَرَكْنَاهُ صَدَقَةٌ}.
    ـ هەموو موسڵمانێك لای كەمی مافی ئەوەی هەیە فێری خوێندەواری ببێت، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) مافی ئەوەی نەبووە، چونكە نەخوێندەواری ئەو یەكێك بووە لە موعجیزەكانی، خوای پەروەردگار بەوە وەسفی دەكات و دەفەرموێت: [فَآ‌مِنُوا بِاللَّهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَكَلِمَاتِهِ].
    ـ هەر موسڵمانێك بە قەرزداری بمرێت ئەوە پێویستە كەس و كارەكەی قەرزەكانی بۆ بدەنەوە، بەڵام لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) ئەگەر كەسێك بە قەرزداری مردبێت و كەسێكی وای نەبووبێت كە قەرزەكەی بۆ بداتەوە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) قەرزەكەی بۆ داوەتەوە. لەم بارەیەیشەوە فەرمویەتی: {أَنَا أَوْلَي بِكُلِّ مُؤْمِنٍ مِنْ نَفْسِهِ، مَنْ تَرَكَ مَالاً فَلَاَهْلِهِ، وَمَنْ تَرَكَ دَيْنًا أَوْ ضَيَاعًا فَإِلَيَّ وَعَلَيَّ}.
    ـ هەموو موسڵمانێك ئازادە لەوەی كە شیعر فێر ببێت یان بیڵێت، بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) نە شیعری گوتووە و نە بۆیشی هەبووە فێری ببێت، خوای پەروەردگار لەم بارەیەوە دەفەرموێت: [ؤوَمَا عَلَّمْنَاهُ الشِّعْرَ وَمَا يَنْبَغِي لَهُ إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ وَقُرْآ‌نٌ مُبِينٌ].
    ـ هەموو كەسێك ئازار و ئێشی وەك خەڵكانی تر ئاساییە، تەنیا پێغەمبەری خودا (صلى الله علیە وسلم) نەبێت، كە ئازار و ئێشی نەخۆشی دوو هێندەی ئازار و ئێشی خەڵكی تر بووە، لەم بارەیەیشەوە فەرمویەتی: {إِنِّي أُوعَكُ كَمَا يُوعَكُ رَجُلَانِ مِنْكُمْ}.
    جا ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەم خاڵانە بدەین بۆمان دەردەكەوێت كە زۆرێك لەو تایبەتمەندییانەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە بەرژەوەندیی دونیای ئەو نەبوون، بەڵام لە بەر ئەوەی كە ویستی خوای لەسەر بووە جێبەجێی كردوون و پێیانەوە پابەند بووە.
    هاوسەرگیرییەكانیشی هەر دەچنە ئەم خانەیەوە و بەتایبەتیش ئەم هاوسەرگیرییەی لەگەڵ خاتوو زەینەب



    سەرچاوە: كتێبی (رەواندنەوەی گومانەكان)
    نووسینی: دكتۆر خالید موحەممەد ساڵح
     



    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: خێزانی حەوتەمی پێغەمبەری خوا(صلی الله علیه وسلم): خاتوو زەینەبی كچی جەحش(رەزای خواى لێ بێت) Rating: 5 Reviewed By: tweshu
    Scroll to Top