الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على خاتم الأنبياء والمرسلين حبيبنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم، وبعد...
لەم مانگە پڕ خێرەدا موسوڵمانان لە هەموو سەرانسەری جیهانەوە خۆیان ئامادە دەكەن و توێشو دەخەن بۆ بەڕێكەوتن بەرەو ماڵی خوای پەروەردگار بەرەو كەعبەی پیرۆز بۆ بەجێهێنانی واجبێكی گەورەو پیرۆز و پایەی پێنجەم لە پایەكانی ئیسلام كە بریتییە لە حەج كردن، بۆ تەواف كردنی كەعبەی پیرۆز و وەستانی كێوی عەرەفە بە ئومێدی ئەوەی خوای پەروەردگار ئەو عیبادەتە گەورە و پیرۆزەیان لێ وەربگرێت و بەسۆزو میهرەبانی خۆی بیان بەخشێت و لەتاوانەكانیان خۆش ببێت.
جا ئەم عیبادەتە پیرۆزە لەم رۆژگارەی ئێستادا زۆر لە خەڵكی لێی بێ بەش بوون و توانایبەجێهێنانیان نییە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێكی ئابووریی یان ڕامیاری كە سەركردە ستەمكارەكان رەخساندوویانە، بەڵام وەك بێبەش بوون لەو عیبادەتە پیرۆزە خوای پەروەردگار عیبادەتێكی تری بۆ دیاری كردوون كە دەتوانن لە شارو وڵاتی خۆشیاندا ئەنجامی بدەن، ئەو عیبادەتەش بریتییە لە قوربانی كردن و حەیوان سەربڕین لە پێناوی خوای پەروەردگاردا، بەڵێ: ئەم عیبادەتە زۆر گەورەو پیرۆزە و پاداشتی زۆرە لای خوای پەروەردگار وە پێویستە (واجبە) لەسەر هەموو كەسێك كە توانای مادی هەبێت بیكات، هەرچەندە هەندێك لە زانایان دەفەرموون قوربانی سوننەتێكی (مؤكدە)یە بەڵام لەراستیدا بەپێی ڕووكەشی دەقەكانی قورئان و فەرموودە واجبە و هەر كەسێك توانای هەبێت و نەیكات تاوانبار دەبێت، وە دەبێت لەهەموو ساڵێكیشدا بیكات، بەڵگەش لەسەر ئەمە:1/خوای پەروەردگار بەپێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) دەفەرموێت:
(إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَر, فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ, إِنَّ شَانِئَكَ هُوَ الْأَبْتَرُ). سورةالكوثر
واتە: (نوێژ بكە بۆ پەروەدگارت وە قوربانی بكە)
ئەمە هەرچەندە لەگەڵ پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) بەڵام گشتیە بۆ هەموو موسوڵمانان.
2/(مخنف)ی كوڕی (سلیم) (خوا لێی ڕازی بێ) دەفەرموێت: ئێمە لای پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) وەستابووین بەعەرەفەوە فەرمووی: (ياأيُّهاالنّاس، إنّ كلّ أهلِ بيتٍ في كلِّ عامٍ أضْحيةً عتيرةً، أتَدرونّ ما العَتيرة؟ هي التى تُسَمُّونها الرَّجبيّة). ترمزی ژمارە (1518)، إبن ماجە ژمارە (3125) ئەلبانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرموێت:صحیحە. واتە (ئەی خەڵكینە هەموو ماڵ و خێزانێك
لە هەموو ساڵێكدا قوربانی و (عتیرە) پێویستە لەسەریان، ئەزان (عتیرە) چیە؟ ئەوە كە ئێوە پێی دەڵێن (رجبیە).
تێبینی:
خەڵكی سەردەمی نەفامی لەپێش ئیسلامدا باو بوو لایان كە هەر كەسێك وشترەكانی بگەیشتایەتە (50) سەر یان (100)سەر ئەوە ئەو ساڵە لەمانگی رەجەبدا وشترێكی سەردەبڕی و پێیان دەوت (رجبیە) جا ئەم وشەی (عتیرە)یە كە لە فەرموودەكەدا لەگەڵ قوربانی فەرمانی پێدراوە هەر ئەو رەجەبیەیە كە زوو كراوە، وە تا ماوەیەك لە ئیسلامیشدا پێویست بوو لەسەر موسڵمانان كە هەر كەسێك وشترەكانی بگەشتایەتە (50) سەر یان (100) سەر یەكیانی سەر ببڕیایە، تەنها ئەوەندە هەبوو لە ئیسلامدا سەربڕینەكەی تایبەت نەدەكرا بە مانگی رەجەبەوە بەڵكو لە هەر كاتێكدا بیویستایە دەبوو، بۆیە ناوی ڕەجەبیەكەی گۆڕا بە (عتیرە). بەڵام ئەم حوكمە لە كۆتاییدا سڕرایەوە و بوو بە حوكمێكی (منسوخ). وە بۆ درێژەی ئەم باسە بڕوانە (احكام العیدین في السنة المطهرة-علی حسن علی عبدالحمید ص 65-66).
3/(أبوهریرە)- خوای لێ رازی بیت- دەفەرموێت: پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) فەرمویەتی: (مَن كانَ له سَعةُ ولَم يُضحِّ فّلا يَقرَبَنّ مُصلاّنا) إبن ماجە، ژمارە (3132). واتە: (هەر كەس ماڵی هەبێت و قوربانی نەكات با نزیك شوێنی نوێژە جەژنەكەشمان نەكەویت). ئەم وتەیەی پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) هەڕەشەیە لەوانەی توانایان هەیەو قوربانی ناكەن.
ئەمە سەبارەت بەو كەسەی توانای هەبێت، ئەگینا ئەگەر كەسێك توانای نەبوو قوربانی بكات با دڵی خۆی دانەمێنێت چونكە پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) لەباتی خۆی و ئەو كەسانەی نەداراو بێ توانان قوربانی كردوە، وەك (جابر)-خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: ئامادەی نوێژی جەژن بووم لەگەڵ پێغەمبەردا (صلی الله علی وسلم) كاتێك لە وتارەكەی بوویەوە و لەمینبەرەكەی دابەزی بەدەستی خۆی بەرانێكی سەربڕی و فەرمووی: (بِسم اللهِ واللهُ أكبر، هذا عنِّى وعَمَّنْ لَمْ يُضَحِّ مِنْ أُمَّتِى). أبو داود، ژمارە (2810)، واتە: ((بەناوی خواوە و خوا لە هەموو شتێ گەورەترە، ئەمە لەباتی خۆم و هەرچی قوربانی نەكرد لە نەتەوەكەم)).
مەرجەكانی قوربانی
دوو مەرجی سەرەكی هەیە بۆ ئەنجامدانی قوربانی پێویستە ڕەچاو بكرێت:
یەكەم/ نیەت: پێویستە ئەو كەسە نیەتی یەك لا بكاتەوە و تەنها مەبەستی ڕەزامەندی خوا بێت نەك لەبەر چاولێكەری و ترسی تانەو تەشەری خەڵكی، چونكە خوای پەروەردگار تەنها ئەو عیبادەتانە وەردەگرێت كە بەس لەبەر رەزامەندی خوا كرابێت، وەك پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) دەفەرموێت: (إنّ اللهَ لايَقْبَلُ مِنَ العَمَلِ إلاّ ماكَانَ له خالِصَاً وابْتُغِى وَجَهُهُ)). النسائى (2/59) وإسناد جيد كما قال المنذرى (1/23(.
واتە: (خوای پەروەردگار هیچ كردەوەیەك وەرناگرێت ئەوە نەبێت كە تەنها بۆ ئەوبێت و مەبەست پێی رەزامەندی ئەو بێت).
دووەم/دەبێت تەنها ناوی خوای لەسەر ببرێت، وە دروست نیە لەگەڵ ناوی خوادا ناوی كەسی تر ببرێت با ئەو كەسە زۆر لە خوا نزیكیش بێت لە فریشتە و پێغەمبەران و پیاو چاكان، وە ئەوەی ئێستا باوە كە زۆر لە خەڵكی نەفام و تێ نەگەیشتوو لەكاتی سەربڕینی حەیوانەكەدا ناوی غەیری خوا دەبەن لە پێغەمبەران و پیاوچاكان و دەڵێن: (خێری خواو مەولودی پێغەمبەر، یان خێری خواو فڵان شەخس و فڵان پیاو چاك). ئەمانە هەموو هاوبەش پەیداكردنن بۆ خواو ئەو گۆشتەی پێ حەرام دەبێت، وە پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) نەفرەتی لەو جۆرە كەسانە كردووە و دەفەرموێت: ( لَعَنَ الّلهُ مَنْ ذَبَحَ لِغَيرِ الّلهِ). مسلم. ژمارە (1978)، واتە: (نەفرەتی خوا لەوەی حەیوان سەردەبڕێت بۆ غەیری خوا).
وە بەڵگەش لەسەر حەرامێتی خواردنی گۆشتی ئەو جۆرە سەربڕراوانە ئەم ئایەتە كە خوای پەروەردگار لەباسی شتە حەرام كراوەكاندا دەفەرموێت: (إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةَ وَالدَّمَ وَلَحْمَ الْخِنزِيرِ وَمَا أُهِلَّ بِهِ لِغَيْرِ اللّهِ فَمَنِاضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلاَ عَادٍ فَلا إِثْمَ عَلَيْهِ إِنَّ اللّهَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ) (173) سورة البقرة. واتە: (وە ئەوەی كە ناوی غەیری خوای لەسەر براوە).
ئەوشتانەی لەپێش قوربانیدا دەكرێن
سوننەتە بۆ ئەو كەسەی نیازی قوربانی كردنی هەیە لەماوەی دە رۆژی سەرەتای مانگی (ذی الحجة)دا تا ئەو كاتەی قوربانیەكە دەكات دەستكاری موەكانی لەشی و نینۆكەكانی نەكات، واتە موەكانی لەشی (سمێڵ و ڕیش و قژو مووی هەر شوێنێكی تری لەش) نەتاشێت و نینۆكی نەكات، (أم سلمە)-خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) فەرموویەتی: )إذا رَأيتُمْ هلالَ ذى الحِجّة وأرادَ أحدُكُمْ أنْ يُضحّى فَلْيُمْسِكْ عَنْ شَعرِهِ وأظفَارهِِ(. مسلم. ژمارە (1977)
واتە: (هەر كاتێ مانگی یەك شەوەی (ذی الحجة)تان بەدی كردوو یەكێكتان ویستی قوربانی بكات با دەست بگرێتەوە لە موەكانی و نینۆكەكانی).
بەڵام ئەگەر كەسێك ئەمەی نەزانیبوو و لەو ماوەدا نینۆكی كردبوو یان موی سمێڵی یان سەرو ڕیشی بڕیبوو ئەوە نابێتە هۆی دەست هەڵگرتن لە قوربانیەكەی، بەڵكو دروستە قوربانیەكەی بكات.
كاتی قوربانی كردن
كاتی قوربانی كردن لەدوای نوێژی جەژنەوە دەست پێ دەكات و بەتەواو بوونی چوار رۆژەی جەژن كۆتایی پێ دێت، وە ئەگەر قوربانیەكە پێش تەواو بوونی نوێژی جەژن كەوت ئەوە قوربانیەكەی بۆ نانوسرێت و دەبێت حەیوانێكی تر سەرببڕێت، بەڵگەی ئەمەش (جندب)ی كوڕی (سفیان) –خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: ئامادەی نوێژی جەژن بووم لەگەڵ پێغەمبەردا (صلی الله علی وسلم) كاتێك لێ بوویەوە لە نوێژەكەی و سەلامی دایەوە گۆشتی قوربانی بینی كە سەربڕرابوو پێش ئەوەی نوێژەكەی تەواو ببێت، بۆیە فەرمووی: ((مَنْ كانَ ذَبَحَ أضحيَتَهُ قَبْل أنْ يُصَلِّى فَلْيَذْبَحْ مَكانَها أخرى، ومَن كانَ لَم يَذبَحْ فَليَذبَحْ باسمِ الّلهِ)) مسلم. ژمارە (1960)،
واتە: (هەر كەسێك قوربانیەكەی سەربڕیوە پێش ئەوەی نوێژ بكات یان نوێژ بكەین با حەیوانێكی تر لە باتی ئەو سەرببڕێتەوە، وە هەر كەسێك هێشتا سەری نەبڕیوە با بەناوی خواوە سەری ببڕێت).
ئەوەی دەكرێت و دەوترێت لەكاتی سەربڕیندا
سوننەتە بۆ ئەو كەسەی قوربانی دەكات خۆی سەری ببڕێت ئەگەر توانای هەبێت، وە حەیوانەكە ڕووە و قیبلە دابنێت و لە كاتێكدا كە سەری دەبڕێت قاچ بخاتە سەر ملی و بڵێت: (بِسمِ اللهِ والّلهِ أكبر الّلهمّ مِنكَ ولَكَ الّلهمّ تَقَبَّلْ مِنِّى)، وەك (انس) –خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) دوو بەرانی شڵەو بڵەی شاخداری كردە قوربانی، بەدەستی خۆی سەری بڕین و (بسم الله والله أكبر)ی لەسەر كردن و فەرمووی: {( الّلهمّ مِنكَ وڵكَ)، (الّلهمّ تَقَبَّلْ مِنِّی)،(ووضَعَ رجْڵه عَلی صَفاحِهِما)} مسلم. ژمارە (1966-1967)، (البیهقی، 9/287).
واتە: ((خوایە ئەمە لە تۆوەیە و بۆ تۆیە)، (خوایە لێم وەربگریت)، وە پێی خستە سەر لاملیان)).
ئیتر ئەو شتانەی لەناو خەڵكیدا باون كە دەستنوێژ بۆ حەیوانەكە دەگرن و چاوی دەڕێژن و پەتی لەمل دەكەن و....هتد. ئەوانە هەموو دروستكراون و هیچی لەشەرعدا ئەصلی نیەو دروست نیە كاریان پێ بكرێت.
صیفاتەكانی حەیوانی قوربانی
ئەو حەیوانەی سەر دەبڕرێت بۆ قوربانی دەبێت قەڵەو ساغ و بێ عەیب بێت، واتە نابێت عەیبێكی هەبێت كە بووبێتە هۆی لاوازكردنی یان خراپ كردنی گۆشتەكەی، ئەو عەیبانەش پیغەمبەر (صلی الله علی وسلم) بۆی دیاری كردوین وەك (براو)ی كوری (عازب)-خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) فەرموویەتی: ((أربَعٌ لاتُجزِىءُ في الأَضَاحِى: العَوراءُ البَيِّنُ عَوَرُهَا، والمَريضَةُ البَيِّنُ مَرَضُهَا، والعَرْجَاءُ البَيِّنُ ظَلَعُهَا، والكَسيرَةُ الّتى لاتُنقِى)) الترمژی (1497)، (إبن ماجە) (3144) ئەلبانی –رەحمەتی خوای لێ بێت- دەفەرموێت صحیحە.
واتە: (چوار هەن بۆ قوربانی نابن: كوێرێك كوێریەكەی پێوە دیار بێت، واتە ئەوەی كە چاوێكی هیچ نابینێت، نەخۆشێك كە نەخۆشیەكەی پێوەدیار بێت، شەلێك كە شەلیەكەی پێوە دیار بێت، قاچ شكاوێك كە توانای رۆیشتنی نەبێت).
وەهەروەها ئیمامی (علی) –خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: (أمَرَنا رَسُولُ الَلهِ- صلى الله عليه وسلم- أنْ نَستَشرِف العَيْنَ والأذُنَ) إبن ماجە (3143)،
واتە: (پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) فەرمانی پێ كردوین سەرنجی چاووگوێی حەیوانی قوربانی بدەین).
وە دەربارەی تەمەنی حەیوانەكە دەبێت دوو ساڵی تەواو كردبێت و پێی نابێتە سێ ساڵ، بەڵام ئەگەر حەیوانەكە مەڕ یان بزن بوو ئەوە یەك ساڵیش دروستە، وە هیچ فەرقێك نیە لەنێوان مەڕو بزندا لەڕووی تەمەنەوە بەڵام لەڕووی چاكیەوە مەڕ باشترە، خۆ ئەگەر بەرخێكی شەش حەوت مانگیش بوو ئەوە هەر دروستە بەمەرجێك زۆر لاواز و بچووك نەبێت، بەڵگەش لەسەر ئەمانە (جابر) –خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) فەرموویەتی: ((لاتَذبَحُوا إلاّمُسِنّةً إلاّ أنْ يَعْسُرَ علَيْكُمْ فَتَذْبَحُوا جَذَعةً مِنَ الظّأنِ))مسلم، ژمارە (1963)،
واتە: (سەرمەبڕن بۆ قوربانی حەیوانی دوو ساڵ نەبێت، مەگەر قورس بێت لەسەرتان ئەوسا (جذعة) یەك سەرببڕن لەمەڕ). ووشەی (جژعە) هەندێك لەزانایان بەبەرخی یەك ساڵ لێكی دەكەنەوە و هەندێكیشیان بەبەرخی شەش مانگ و بەرەو ژوور لێكی دەدەنەوە. (بڕوانە: شرح صحیح مسلم- للنووی- (13/125)).
وە دەربارەی گیسكی یەك ساڵیش (عقبە) ی كوڕی (عامر)- خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) چەند سەرێك حەیوانی دامێ دابەشی بكەم بەسەر هاوەڵاندا بۆ قوربانی، پاشان (عتود) گیسكێكی لێ مایەوە، پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) ئاگادار كردەوە لێی، ئەویش فەرمووی: (ضَحِّ بِهِ أَنتَ) مسلم (1965) واتە: (خۆت بیكە بە قوربانی)
وشەی (عتود) بەگیسكی یەك ساڵە دەوترێت. (بڕوانە: شرح صحیح مسلم-للنووی-13/127.
خوێنەری بەڕێز/ لێرەدا گەر سەرنجی ئەم بەڵگانە بدەین كە باس لە تەمەنی حەیوانی قوربانی دەكات بۆمان دەردەكەوێت كە حەیوانی لە دوو ساڵ كەمتر تەنها بۆ كەسێك دروستە كە دەست كورت بێت و توانای نەشكێت بەسەر حەیوانی گەورەدا ئەوسا بۆ ئەو كەسە دروستە قوربانی بكات بە حەیوانێكی كەمتر لە دوو ساڵ مەڕ بێت یان بزن، لەبەر ئەوە ئەگەر توانات هەیە دەست قونجاو مەبەو حەیوانی دوو ساڵ و بەرەو ژوور بكە بەقوربانی.
دابەش كردنی گۆشتی قوربانی
ئەو كەسەی قوربانی دەكات بۆی هەیە خۆیشی لەگۆشتی قوربانیەكە بخوات، لەسەرەتادا خاوەن قوربانی تەنها سێ رۆژ بۆی هەبوو لە گۆشتی قوربانیەكەی بخوات ئیتر بۆی نەبوو لێی هەڵگرێت بۆ زیاتر لە سێ رۆژ بەڵكو دەبوایە هەمووی ببەخشیایەتەوە بەخەڵكیدا، بەڵام لەوەودوا ئەمە نەسخ كرایەوە و رێگە درا كە هەندێكیشی لێ پاشەكەوت بكات بۆ چەند رۆژێكی تر، واتە دەتوانێت گۆشتەكە بكات بە چەند بەشێكەوە هەندێكی بخوات و هەندێكی پاشەكەوت بكات و ئەوەكەی تری ببەخشێتەوە بەخەڵكیدا، بەڵگەش لەسەر ئەمە (جابر) –خوای لێ رازی بێت- لەپێغەمبەرەوە (صلی الله علی وسلم) دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: (أنَّه نَهَى عَنْ أكلِ لُحومِ الضَّحايا بَعدَ ثَلاثٍ، ثمّ قالَ بَعدُ: كُلُوا وتَزوّدُوا وادّخِرُوا). مسلم. (1972).
واتە: (پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) رێگری كردبوو لە خواردنی گۆشتی قوربانی لە سێ رۆژ زیاتر – بۆ خاوەن قوربانیەكە- پاشان دوای ئەوە فەرمووی: بخۆن و تویێشوو بخەن و پاشەكەوت بكەن).
سەربڕینی یەك مەڕ یان یەك بزن بۆ ماڵ و خێزانێك
ئەگەر كەسێك بیەوێت قوربانی تەنها بۆ خۆی بكات ئەوە دەتوانێت مەڕێك یان بزنێك سەر ببڕێت، وە ئەگەر ویستی لەگەڵ كەسێكی تردا یان چەند كەسێكی تردا قوربانی بكات ئەوا مەڕێك یان بزنێك بەشیان ناكات بەڵكو تەنها بۆ یەك كەس دەبێت، بەڵام دەتوانن لە ڕەشە وڵاخێكدا بەشداری بكەن تا حەوت كەس، واتە حەوت كەس دەتوانن ببنە هاوبەش لەیەك مانگادا.
ئەمە ئەگەر قوربانی كارەكان نەفەقەیان لەسەر یەك نەبوون بەڵام یەكێك ویستی قوربانی بۆ خۆی و ژن و مناڵەكەی بكات ئەوە دروستە لەباتی هەموویان یەك مەڕ یان یەك بزن سەر ببڕن، وەبری هەموویان دەكەوێت كەم بن یان زۆر، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەو فەرموودەیەیە كە (عطاء)ی كوری (یاسر) –خوای لێ ڕازی بێت- دەفەرموێت: پرسیارم كرد لە (أبو أیوب الانصاری) –خوای لێ ڕازی بێت- ئایا قوربانی لەرۆژگاری پێغەمبەردا (صلی الله علی وسلم) چۆن بووە؟ ئەویش فەرمووی ((كانَ الرَّجُلُ فى عَهدِ النّبِى-صلى الله على وسلم- يُضَحِّى بالشَّاةِ عنه وعَن أهلِ بَيتِهِ، فَيَأكُلونَ ويُطعِمُونَ، ثمّ تضبَاهَى النّاسُ فَصارَ كَما تَرضى)) الترمذی (1505)، ابن ماجە (3147) ئەلبانی-رەحمەتی خوای لێ بێت- دەفەرموێت صحیحە.
واتە: (لەرۆژگاری پێغەمبەردا (صلی الله علی وسلم) پیاو مەڕێكی دەكرد بە قوربانی لەباتی خۆی و ماڵ و منداڵەكەی، وەلێیان دەخوارد و لێشیان دەدا بەخەڵكی، پاشان خەڵكی شانازیان دەكرد –بەزۆر سەر بڕینەوە- و ئاوای لێ هات كە دەیبینیت).
كەوا بێت هەموو خاوەن خێزانێك دەتوانێت مەڕێك یان بزنێك سەر ببڕێت بۆ خۆی و خێزان و منداڵەكانی، وە ئەوانەی دەڵێن مەڕو بزن تەنها بۆ یەك كەس دەبێت با ژن و منداڵی خۆیشی بێت ئەوە قسەیەكی بەتاڵ و بێ بەڵگەیە.
*برای موسوڵمان ئەمە پوختەیەكی كورتە دەربارەی قوربانی لەسەر رێرەوی پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) شوێنی بكەوە و مل كەچی ببە، وە خۆت مەخەرە هەڵەوە بەوتەی ئەوانەی كە بەس بەناو ئەهلی عیلمن ئەگین بێ ئاگان لە رێرەوی پێغەمبەر (صلی الله علی وسلم) و وتە ڕاست و پیرۆزەكانی، وە ڕاستی شایستە ترە بەشوێن كەوتن و گوێڕایەڵی.
وآخر دعوانا أن الحمدلله رب العالمين والصلاة والسلام على خاتم الأنبياء والمرسلين محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
0 التعليقات:
إرسال تعليق