كەسوكاری گەنجێكی دانیشتووی كەلار دژە تیرۆر و دەزگا ئەمنیەكانی یەكێتی تۆمەتبار دەكەن بە بێسەروشوێنكردنی رۆڵەكەیان و زیندانیكردنی لەجێگەیەكی نادیاردا.
ئەحمەد سالار ئەو گەنجە كەلاریە پێش رووخانی رژێمی بەعس كادیری بزووتنەوەی ئیسلامی بووەو ئەوكات ناوبراو ئەندامی مەڵبەندی حەوتی گەرمیان بوو بارەگاكەی لەهەڵەبجەی تازە بووە.
دوای روودانی لێكترازان لەریزەكانی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی و جیابوونەوەی كۆمەڵی ئیسلامی، ئەوكات ئەحمەد سالار لەنێو بزووتنەوەی ئیسلامیدا ماوەتەوە و دواتر رۆیشتووەتە نێو ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامیەوە.پاش بۆردومانكردنی بنكە و بارەگاكانی حیزبە ئیسلامیەكان لەناوچەی هەورامان و چۆڵكردنی ئەو ناوچەیە لەلایەن حیزبە ئیسلامیەكانەوە، ئەحمەد سالار ماڵەكەی هێناوەتەوە بۆ كەلار و لەنزیك ماڵی باوكی لەگەڕەكی شۆڕش ی كەلار نیشتەجێبووە.
كاتێك كە ماڵەكەی هێناوەتەوە بۆ كەلار و نیشتەجێبووە، ناوبراو لە بەشی (عەقیدە) ی كولیە شەریعەی بەغدا خوێندكار بووە و ئەوكاتەی دەستگیركراوە پێنج ساڵ و چوار مانگ لەمەوبەر قۆناغی یەكەمی زانكۆی تەواو كردووە.
عەباس سالار برای بێسەروشوێنكراوەكە، باسلەوەدەكات كاتێك هەڵمەتی دەستگیركردنی لایەنگرانی ئیسلامیەكان لەدوای ساڵانی (2005 بۆ 2008) دەستپێكراوە، براكەی لەترسی دەستگیركردن ماڵەكەی گواستووەتەوە بۆ كەركوك.
بەماوەیەك دوای گواستنەوەی ماڵەكەی بۆ كەركوك ئەحمەد سالار لەلایەن هێزێكی ئەمنیەوە دەستگیركراوە، بەوتەی كەسوكارەكەی گومان دەكرێت هێزەكە هێزی دژە تیرۆر بووبێتن.
بەوتەی كەس و كارەكەی دوای دەستگیركردنی ئەحمەد سالار رەوانەی زیندانی كانی گۆمە كراوەو لەوێ بینراوە، هەروەها نامەیەكیشی ناردووەتەوە بۆ ماڵەوەیان شەش مانگ دوای دەستگیركردنی.
عەباس سالار، باسیلەوە كرد نامەكە لەرێگەی ئاسایشەوە بۆیان نێردراوە، بەڵام نەیانبینیووە، وتی”لەوكاتەوە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی بزانین لەكوێ زیندانییە، بەڵام هیچ زانیاریەكمان دەستنەكەوتووە، تەنها ئەوەنەبێت چەند كەسێك ئاگاداریان كردینەوە كە لەزیندانی كانی گۆمە بینیویانە”.
بەپێی زانیاریەكانی رایەڵ، ژمارەیەك لەو زیندانیانەی ئێستا لەگرتووخانەی موعەسكەر سەلام زیندانن ، لەزیندانە نهێنیەكاندا چاویان بە هەندێك لەئەندامانی گروپە ئیسلامیەكان كەوتووە.
بەوتەی زیندانیەكان، ئەندامانی گروپە ئیسلامیەكان لەژووری جیاجیادا بوون و بەدەنگی بەرز قسەیان لەگەڵ یەكتری كردووە، بەڵام تائێستا ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانیش زانیاریان لەبارەی ئەو زیندانانە دەستنەكەوتووە.
براكەی ئەحمەد سالار، داوای لە حكومەتی هەرێم و هێزە ئەمنیەكان كرد” براكەی دادگایی بكەن و ئەگەر تاوانبارە حوكمی بدەن، ئەگەر تاوانباریش نییە ئازادی بكەن”.
عەباس سالار وتی”تاكەی باوك و دایكم چاوەڕوانی براكەم بن و چارەنووسی ئاشكرا ناكەن”.
هەروەها باسیلەوەشكرد خێزانی دەستگیركراوەكە لەكاتی هەوڵدان دا بۆ دەرهێنانی كارتی زانیاری توشی گرفتی یاسایی بووە و كارتی زانیاریان بۆ دەرنەكردووە.
عەباس سالار وتی”وەزعەكەم لای حاكم باسكرد، بەڵام حاكم پێیوتم هیچ یاسایەك نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم جۆرە دۆسیانە كە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین”.
راپۆرتی : ئەحمەد ئیبراهیم
سەرچاوە: ڕایەڵ پرێس
0 التعليقات:
إرسال تعليق