• نوێ

    الثلاثاء، 2 أبريل 2013

    ئەو هۆنراوەیەی لە ئاهەنگی یەكبونی بزوتنەوەو نەهزەدا خوێنرایەوە...

    ئەم هۆنراوەیە لە ئاهەنگی یەكبونی هەردوو بزوتنەوەی ئیسلامی و بزوتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی و لە باخی گشتی هەڵەبجە لە لایەن برایەكەوە خوێنرایەوە.. میوانە ئامادە بووە عەلمانییەكان تەواو كێچ كەوتە كەوڵیان و ناڕەزایییان دەربڕی...بۆیە كەسێك بە ناوی ڕابەری گشتی ئەو كات داوای لێبوردنی لە ئامادە بووان كردو ئەو هۆنراوەیەی بە ڕای شەخصی وەسف كرد:......


    یەكبوون

    هۆ خەڵكینە....
    هۆ هەڵكینە یەكبوون ژینە,
    ئادەمییەكانی خاوەن ژیر, ئەگەر ژیرن
    گوێ‌ راگرن..
    وا پەروەردگاری جیهان..
    لەسەرووی حەوت ئاسمانەوە
    پەیامی خۆی, ئەنێرێ‌ بۆ بەندەكانی
    بە دەستێكی پاك و ئەمین..
    بۆسەر زەمین.
    بۆ هەڵبژێرراوی بەشەر
    پێ‌ی دەفەرموێ: ( واعتصموا بحبل الله جمیعاً...)
    نەك یەك و دوو..
    تێكڕا هەموو..
     بێ‌ دوودڵیو بێ‌ سێ‌و دوو..
    (.... ولا تفرقوا)......


    هۆ خەڵكینە..
    خۆ گوێ‌و لێیە... یەكبوون ژینە..
    پەتەوازەو دووبەرەكی
    بوغزو قینە...
    سەرەنجامی ( ..فتفشلوا..)
    لە جیهانی ئیسلامیدا چاو بگێڕە
    بە چاوی یەقین ببینە....
    چاو بگێڕە بیلادی شـــام
    هەموو ووڵاتی عەرەب و ووڵاتی خۆم...
    ووڵاتی فارس, ووڵاتی رۆم..
    لە گشت كونجێكی ئەم دنیایە تاریكەدا
    چاو بگێڕە, چاو بگێڕەو چاو بگێڕە!!!
    هۆ قانگە لاشەی بابردوو..
    ئەكوا سەنگ...
    ئەرێ‌ وێڵی سەرلێ‌ شێواو
    ئەكوا ڕەنگت....
    هاوار بكەو بچریكێنە
    ئەكوا دەنگت...


    هۆ خەڵكینە...
    ئەمە چ باجێكە ئەیدەن
    ئەمە چ باجێكە ئەیدەن؟!
    بۆ دوو تیكە گۆشتی گەنیو
    دووسێ‌ ئێسقانی ڕزیوو و
    بۆ چەند دڵۆپێكی خوینە...



    هۆ خەڵكینە...
    بوونی هەزار پەنجە بە جیا بوونی ییە
    لە نێو دنیالی ژین و بوونا
    بە یەكبوونی تەنها پێنجیان لەیەك باسك
    هێزو تینە...
    دەستی كارمەندو كارامەو
    بەرهەمهێنەرەو بەخشینە...
    دەستێكی زۆر رووناكبیرە
    خاوەن بەرهەم و نووسینە...
    بۆ سەری داماوو هەتیو:
    لەپی سۆزە.
    بۆ ناو دەمی زۆر سەگ وەڕان:
    كۆڵە شتی پۆڵایینە....



    هۆ خەڵكینە....
    یەكبوونی دڵۆپی باران
    دەبن بە كانیاوی سازگار,
    دەبنە جۆگا, دەبنە رووبار
    یانە دەریایەكی شینە...
    بە یەكبوونی سینگ و تانۆك
    دەبن بە كۆز بۆ كارو بەرخ,
    یا چەپەرە یا پەرژینە...


    هۆ خەڵكینە...
    یەكبوون ژینە...
    یەكبوون تینە...
    یەكبوون دینە...

    دڵنیابە:
    دڵنیابە لە فەرموودەی پێغەمبەرت(صلى الله عليه وسلم):
    مەڕی دابڕاو دوابڕاوە
    خۆراكی گورگی لەعینە....



    هۆ خەڵكینە....
    هەستن ڕابن. یەك دڵ یەك دەست
    وەك دیواری تێكهەڵكێشراو
    بۆ یەك مەبەست..
    تاكەی لە ووڵاتی موعتەصەم
    لە نێو بیری نەفامیدا
    هەریەكێكمان لە دووری یەك
    لە گوێ‌ی گادا لێ‌ی خەوتینە...
    خۆر لە گەلم ئاوا بووەو بووە بە مەتەڵ...!!!
    دەزانن بۆ...؟؟؟؟؟
    شەیدای ناون.....
    عاشقی حیزب و چەند تەئویلێكی باگل و
    پینەكراون....
    گەر وانییە..:سەر هەڵبڕن ئازادییە :
    لە كوردستانی ئازادكراو
    هەموو شتێ‌ تیای ئازادە:
    كوشتن....بڕین..
    دزی..... جەردە....
    ڕێ‌ كردن., رووتی وەك ئاژەڵ
    بە نێو جادە.....
    جوێندان بەخوا!!

    هۆ خەڵكینە جوێندان بە خوا!! بە پێغەمبەری سەروەر(صلى الله عليه وسلم)..!!
    بە صەحابی.. بە دینی پیرۆزی ئیسلام..!!
    بەڵێ‌ بیروڕا ئازادە...!!!



    هۆ خەڵكینە...
    لەم دارستانە چڕو پڕو دێمەكارە:
    وورچی تیا دادوەرە..
    بەرازی تیا بەختەوەرە...
    كاك ڕێوی تیا سەروەرە...
    قەلە ڕەشی تیا بانگدەرە...
    لەم ووڵاتە پڕ خودایە
    لات و هوبەل ناویان نەما


    هۆ خەڵكینە...
    موسویلەمەش قبوڵ ناكەن
    هەركەس بۆ خۆی پێغەمبەرە....



    هۆ خەڵكینە...
    ووڵاتی من ئەستێرەیەكی ئازادە
    بێ‌ پەساپۆرتە هاتووچۆ :
    ئەمریكای بۆش و كلینتۆن, بەریتانیا
    ئیسرائیل, توركیا, فەرەنسا
    گشت ووڵاتێكی گۆی زەوی دەگرێتە خۆ



    هۆ خەڵكینە...
    دەزانن چی لەم ئەستێرە گەورەدا
    جێ‌ی نابێتەو :
    ریش وسیواك !!!
    دەرسی قورئان !!
    نوێژی جەماعەتی مزگەوت !!
    سەرپۆش... ئافرەتی داوێن پاك!!!



    هۆ خەڵكینە....
    ئا لەم ووڵاتە بەرینە
    هەموو شتێ‌ تیای ئازادە
    بەڵام ئەوەی جێگای نەبێ‌و
    تیای قاچاخ بێ‌ :
    (یەكتاپەرستی)یەو (دین)ە......

    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: ئەو هۆنراوەیەی لە ئاهەنگی یەكبونی بزوتنەوەو نەهزەدا خوێنرایەوە... Rating: 5 Reviewed By: tweshu
    Scroll to Top