• نوێ

    الثلاثاء، 10 يونيو 2014

    هانا ته‌نها بۆ خواى په‌روه‌ردگار

    - كاتێك هه‌موو ده‌رگاكان داده‌خرێن، هه‌موو چرایه‌كان ده‌كوژێنه‌وه‌ وته‌نها تروسكاییه‌كه‌یش به‌دى ناكرێت ودڵ خه‌ریك ده‌بێت خاڵى ببێت له‌ هه‌موو راستییه‌كان وبگاته‌ ترۆپكه‌ى نائومێدى! گه‌وره‌ترین وفراوانترین ده‌رگا هه‌ر كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ى كه‌ ئاره‌زوومه‌ندى راسته‌قینه‌یان هه‌یه‌ بێنه‌ پێش، ئه‌وه‌نده‌ له‌ ده‌رگا بده‌ن وبوه‌ستن له‌به‌ر ده‌رگاى تاكه‌ ئیلاهى هه‌ق تا ده‌رگاكه‌ به‌ڕوویاندا ده‌كرێته‌وه‌.

    - ئه‌وه‌ چ چێژێكه‌ كه‌وتۆته‌ دڵى ئه‌وانه‌ى له‌به‌رده‌م ده‌رگاى ئیلاهى راسته‌قینه‌ راوه‌ستاون وداواى لابردنى نه‌خۆشى وناخۆشى وداواى به‌خششى زیاتر وپله‌ ده‌كه‌ن له‌ به‌خشنده‌یه‌ك كه‌ میهره‌بانى وده‌وڵه‌مه‌نده‌ییه‌كه‌ى به‌رده‌وامه‌ وهه‌رگیز له‌ناوناچێت.
    - مرۆڤى سه‌رگه‌شته‌ وداماو له‌به‌رده‌م دژوارى وته‌نگژه‌كانى ژیان هه‌رده‌بێت به‌بێ هیچ جێگره‌وه‌ وچارێكى تر به‌ هه‌موو وجودى خۆیه‌وه‌ له‌ناخه‌وه‌ هاوار بكاته‌ یه‌ك گه‌وره‌ ویه‌ك په‌رستراوى هه‌ق.
    - زۆر له‌ نه‌خۆشى وناخۆشییه‌كان وانه‌ى زۆر توند وپڕ مانان بۆ مرۆڤ هه‌ربۆیه‌ش له‌ فه‌رهه‌نگى ئه‌وانه‌ى ته‌سلیم بوون بۆ فه‌رمانى یه‌ك خودا وملكه‌چى ده‌نوێنن به‌ ترس وهیوا وخۆشه‌ویستییه‌وه‌ ته‌نها بۆ یه‌ك زاتى هه‌ق، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ته‌نها به‌ (آیات بیّنات) پێناسه‌ ده‌كرێن وهیچى تر.
    - دژوارییه‌كانى ژیان وه‌ك به‌رزترین وكاریگه‌ریترین وێستگه‌ بۆ خۆدروست كردن وخودناسى وخواناسى.
     ده‌بێ بزانرێت به‌ دڵییاییه‌كه‌ى ئه‌وپه‌ڕى دڵنیایى ته‌نها الله یه‌ كه‌ ناخۆشیه‌كان لاده‌به‌رێ وخۆشى وبه‌هار دێنێت كۆت وزنجیرى زیندانیه‌كان ده‌شكێنێت وترس ده‌خاته‌ دڵى زۆرداره‌كان وپشتیان ده‌شكێنێ وماڵ وسامان ده‌سێنێ وده‌به‌خشێ به‌ ئه‌وه‌ى كه‌ بیه‌وێ وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئیمانداران سه‌رده‌خا وبێ باوه‌ڕ وموشریكه‌كانیش سه‌رشۆڕ ده‌كات. ژیان ئه‌وه‌ى فێركردووین كه‌ به‌لێ وناخۆشى هه‌رچه‌نده‌ توند وناخۆش بێت ده‌ربازبوون وفه‌ره‌ج هه‌ر ده‌گات، هه‌رچه‌نده‌ كۆت وبه‌ند وناخۆشیه‌كان ته‌نگ به‌ مرۆڤ هه‌ڵبچنن وگه‌مارۆى بده‌ن ده‌بێت پاشان خۆشى وفراوانى وهه‌رزانى به‌دوایدا بێنێت، هه‌رچه‌نده‌ تاریكاییه‌كان زۆربن به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ ده‌بێت چاوه‌ڕوانى سپێده‌ وڕۆژێكى تازه‌ بكه‌ین. ئه‌وه‌ى ڕزگاربوون پێش دێنێت بریتییه‌ له‌ ڕازیبوون و حه‌وسه‌ڵه‌ وسه‌بر وداواكردنى پاداشت له‌ خواى په‌روه‌ردگار، وه‌ ئه‌وه‌ى ڕزگاربوون دوا ده‌خات ناڕازیبوون وبێ حه‌وسه‌ڵه‌یى به‌نده‌ له‌ به‌رامبه‌ر خواى دروست كه‌ر. هه‌موو مرۆڤ وبه‌نده‌یه‌ك ده‌بێت ته‌نها به‌و ئاڕاسته‌یه‌ له‌ ته‌نگ وچه‌ڵه‌مه‌كانى ژیان ڕزگارى ده‌بێت كه‌ خواى گه‌وره‌ ویستى له‌سه‌ره‌ چونكه‌ زۆر جار مرۆڤ ده‌یه‌وێ به‌ ڕێگایه‌كى دیاریكراو ده‌رچێت له‌ناخۆشى ونه‌خۆشییه‌ك به‌لێم خاوه‌ن ودروست كه‌رى دروست كراوه‌كان ویستى له‌سه‌ر نییه‌ بۆیه‌ ڕوونادات تا ئه‌و كاته‌ى كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ وهیچ كه‌سێكى تریش هه‌ر به‌ بیریان دانایه‌ت خواى په‌روه‌ردگار له‌و كاته‌ وبه‌و شێوه‌ى كه‌ خۆى ده‌یه‌وێت ڕزگاریان ده‌كات. ئه‌وه‌ى خواى بیه‌وێت هه‌ر ئه‌وه‌ ڕووده‌دات وه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و نه‌یه‌وێت هه‌رگیز ڕوونادات. مرۆڤ ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر چه‌رمه‌سه‌رى ونه‌خۆشییه‌كان وه‌ك گیایه‌كى ووشكه‌وه‌ بوو وایه‌ وهیچى پێناكرێت بۆیه‌ ده‌بێ به‌ندایه‌تى ئه‌و كه‌سه‌ بكرێت كه‌ هه‌ر شایسته‌ى ئه‌وه‌ وهه‌ر له‌ویش ده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نى ناو وسیفاتى ئه‌وپه‌ڕى جوان وته‌واو وه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ زات وكرداریدا وه‌ ته‌نها ئه‌و شایسته‌ى سوپاسى بێ پایانه‌ سوپاسێك له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى خۆشه‌ویستى وبه‌گه‌وره‌ زانین. چونكه‌ زۆر جار مرۆڤ سوپاسى یه‌كێك ده‌كات مه‌رج نییه‌ خۆشى بوێت یان به‌گه‌وره‌ى دابنێت. بۆیه‌ له‌كاتى ناخۆشى وناهه‌موارى ده‌بێ مرۆڤ تامى پشت به‌ستان وهانابردن بۆ خواى گه‌وره‌ بكات كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ گه‌وره‌ وخۆشه‌ویست وبه‌توانا وزاڵ به‌سه‌ر هه‌موو كه‌س وشتێكدا. ئه‌و مرۆڤه‌ى كه‌ زۆر جار به‌ عه‌قڵێكى بچووك وجوار جومگه‌كه‌یه‌وه‌ "هه‌ردوو قاچ و ئانیشك" ده‌نازێ وده‌یه‌وێ له‌ سنوور ده‌رچێ وسه‌رپێچى خواى گه‌وره‌ بكات به‌لێم نه‌خۆشى زۆر بچوك لاوازى ده‌كات وپیریش بۆ هه‌مووان له‌ ڕێیه‌ ومردنیش ڕێگه‌یه‌كه‌ كه‌س ده‌ربازوونى بۆ نییه‌...بۆیه‌ ناخۆشیه‌كان هه‌موو وانه‌ى زۆر توندن بۆ به‌نده‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ڕاسته‌قینه‌ وخودناسى وبه‌ته‌نها خواناسى چونكه‌ هه‌موو كه‌سێك له‌نێو چوار دیوارى دونیادا كۆت كراون وده‌سه‌لێتێكی زۆر بچوكیشیان نییه‌ به‌رامبه‌ر خواى گه‌وره‌ نه‌ك بۆ ڕزگاركردنى مرۆڤایه‌تى به‌ڵكو كه‌س ناتوانێ خۆشى ڕزگار بكات...گه‌رمى وساردى و ووشكى وته‌ڕى زۆر كار له‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن، مرۆڤ هه‌ندێ جار زۆر خۆى گه‌وره‌ دێته‌ به‌رچاو وخۆى به‌ زیره‌ك وئازا وبه‌توانا دێته‌ به‌رچاو به‌لێم له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ى باره‌ نائاساییه‌كان وگێژاوه‌كانى ژیان "ئه‌گه‌ر ئه‌و دڵئارامى یه‌ خواییه‌ نه‌بواییه‌" هه‌وڵى ده‌دا خۆى بكوژێت وخۆى له‌ناو به‌رێت. بۆیه‌ بڕوابوون به‌خواى گه‌وره‌ وپشت پێ به‌ستنى له‌خۆشى وناخۆشى په‌روین وچل چرایه‌..نابێت مرۆڤ بیرى بچێت كه‌ نه‌بوو خواى گه‌وره‌ دروستى كرد، برسى بوو ئه‌و تێرى كرد، بێ هێزبوو هێزى پێبه‌خشى، بچوك بوو گه‌وره‌ى كرد، نه‌خۆش بوو ئه‌و شیفاى دا، گومڕا بوو ئه‌و ڕێنموویى كرد...ئه‌و خاوه‌ن فه‌زڵێكى یه‌كجار گه‌وره‌ وبێشووماره‌، مرۆڤ نابێت هه‌رگیز ئه‌وه‌ى بیربچێته‌وه‌ كه‌ پیر ده‌بێت پێستى چرچ ولۆچ ده‌بێت تواناى بینین وبیستنى لاواز ده‌بێت ناتوانێ خۆى له‌و قۆناغه‌ى ژیانى دونیا ڕزگار بكات، كاتێك تووشى غه‌مێك ده‌بێت ڕه‌نگى ده‌گۆڕێ وكێشى له‌شى داده‌به‌زێت وسه‌رى سپى ده‌بێت وزۆر به‌ بێ توانایى خۆى ده‌بینێته‌وه‌ چۆك داده‌ت وئه‌ژنۆى ده‌شكێ وهیچ شتێكى بۆ ناكرێ ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێ هاوارى خواى گه‌وره‌ بكات وله‌به‌ر ده‌ستى بگری وسوژده‌ وكڕنووشى بۆ به‌رێ ...بۆیه‌ ده‌بێت به‌ هه‌موو كیانێكى به‌ جه‌سته‌ و دڵ وده‌روون هانا به‌رێته‌ به‌ر ئیلاهى حه‌ق بۆ ئه‌وه‌ى ڕزگارى بكات له‌ نه‌خۆشى وناخۆشیه‌كانى دنیا ودواڕۆژ.


    مامۆستا موسلیمى رزگارى
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: هانا ته‌نها بۆ خواى په‌روه‌ردگار Rating: 5 Reviewed By: tweshu
    Scroll to Top