• نوێ

    الجمعة، 18 أبريل 2014

    سەلەف و سەلەفیەت و وەڵامی هەندێك تۆمەت...

    الحمد لله رب العالمین والصلاة والسلام علی المبعوث رحمة للعالمین وعلی آ‌له وأصحابه أجمعین وبعد:
    هەڵبەت نامەوێ‌ پێناسەی ( سەلەف ) و ( سەلەفیەت ) بكەم لە ڕووی زمانەوانی و زاراوەوە ، بەڵكو ئەمەوێ‌ لە ناحیەی زەمەنیەوە پێناسەی بكەم . مەبەست بەسەلەف وەك ئەوەی زانایان و توێژەران  لە كۆن و تازەدا پێناسەیان كردووە ئەهلی  سێ‌ سەدەكەی یەكەمی ئیسلامە ، واتە : مەبەست بە سەلەف لە ڕووی مێژووییەوە ئەهلی سێ‌ سەدەكەیە لە هاوەڵانی پێغەمبەر(صلى الله علیه وسلم) و شوێنكەوتوانیان و شوێنكەوتوانی شوێنكەوتوانیان لە وانەی پێغەمبەری خوا(صلى الله علیه وسلم) شاهێدی بە( خیریە )و چاكی بۆ داون ،


    وەئەویش لەو فەرمودەیەدا كە پێشەوا بوخاری رەحمەتی خوای لێ‌ بێت لە (صحیح)ەكەیدا لە (عمران بن حصین )ەوە خوا لێی رازی بێت دەیگێڕێتەوە لە پێغەمبەری خواوە(صلى الله علیه وسلم) كە  فەرمویەتی ( خير أمتي قرني ، ثم الذين يلونهم ثم الذين يلونهم ...) برِوانە : صحيح البخاري ، كتاب: فضائل أصحاب النبي (صلى الله علیه وسلم)، باب(2) الحديث رقم. (3650).
    جا ئەهلی ئەو سێ‌ سەدەیە لەسەلەفی صاڵح باشترینی ئوممەت و بەرێزترین خەڵك و موسڵمانان بوون لە دوای پێغەمبەرانی خودا (علیهم الصلاە والسلام)، وەصددیقەكان و شەهیدەكان و صاڵحەكان و پێشەواكان ئەوانەی موسڵمانان ئیجماعیان لەسەر هیدایەت و دیرایەتیان  كردووە لەوان بوون ، وە ئیبن مەسعود خوا لێی راِزی بێت فەرموویەتی : (( من كان مستناً فليستن بمن قد مات ، فإن الحي لا تؤمن عليه الفتنة ، أولئك أصحاب رسول الله(صلى الله علیه وسلم) أبر هذه الأمة قلوباً وأعمقها علماً وأقلها تكلفاً ، قوم اختارهم الله لصحبة نبيه وإقامة دينه فاعرفوا لهم حقهم وتمسكوا بهديهم ، فإنهم كانوا على الهدى المستقيم )) برِوانة : ( جامع بيان العلم وفضله ج2/119 ، دار الفكر - بيروت  .
    وەپێشەوا ( شافعی ) سەرمەزهەبی شافعیەكانیش فەرموویەتی (( هم فوقنا في كل علم وعقل ودين وفضل وكل سبب ينال به علم أو يدرك به هدى ، ورأيهم لنا خير من رأينا لأنفسنا )) د . ابو اليزيد العجمي – اهتمام علماء المسلمين بعقيدة السلف ، مجلة ( البحوث الاسلامية ) ، العدد (15 ) الصادر عام 1406 هـ .
    وە هەر لەبەر ئەوە بە (( سلف الصالح )) واتە : پێشینی چاك ناویان لێناون ، هەر وەك ئەوەی لێكۆڵەرەوان لە زانایانی عەقیدەو بنەماكانی ئایین بە چەندین ناوو سیفەتی دیكە كە لە (( أپر )دا ، یان لە پێشەوایانی سەرمەشق و پێشەنگەوە  هاتووە ناویان لێناون وەك (( أهل السنة )) و (( أهل الحدیث )) و (( أهل الأثر)) ، وە وەصفداریشیان كردوون بە(( أهل الإتباع )) و(( الفرقە الناجیة )) و،(( الطائفە المنصورة )). وە بەو شێوەیە بێژەی (( السلف )) لەلای موسڵمانان بووە بە (( عەلەم )) و ناو بۆ هاوەڵان و شوێنێكەوتوانیان وشوێنكەوتوانی شوێنكەوتوانیان ئەوانەی لەسەر نەهج و ڕێبازی  ئەوان ڕۆشتوون لە پێشەوایان و زانایانی ئیسلام ، وەك پێشەوایانی چوار مەزهەبەكە و سوفیانی سەوری و سوفیانی كوڕی عویەینە و لەیسی كوڕی سەعد و ئیبن موبارەك و ئیبراهیمی نەخەعی و بوخاری و موسلیم و ئەصاحبی سونەن ، نەك ئەوانەی بیدعە چی بوون ، یان بە لەقەب ونازناوێكی ناپەسەند ناوبانگیان دەركردووە وەك (( خوارج )) و (( روافض )) و (( الجبریة )) و (( المعتزلة )) و (( الجهمیة))و گروپە لاڕێبوەكانی دیكە .
    وە لەوەی راِبورد دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بێژەی (( سلف )) ئەگەر چی دەبڕدرێ‌ بەسەر ئەهلی ئەو سێ‌ سەدەیەی یەكەمدا كەلە فەرموودەكەدا هاتووە بەڵام عیبرەت لەوەدا بەو ڕێگەیەیە كە ئەوان لەسەری ڕۆشتوون ، وە بەو مەنهەج و ڕێبازەیە كە پەیڕەوییان كردووە ، جا سەبقی زەمەنی بەتەنیا كافی نییە بۆ وەسفی گائیفەیەك لە خەڵك بەوەی لەسەلەف بن ئەگەر مەنهەج و ڕێبازیان موافقی قورئان و سوننەت نەبێ‌ بە دەق و بە ڕۆح ، جا ئەوەی مەنهەج و ڕێبازی موخالفی قورئان و سوننەت بێ‌ لە سەلەف نییە ، ئەگەرچی لەناو صەحابە و تابیعینیشدا ژیابێ‌ . بێگومان ئەوەی بەراستی شوێنی سەلەف بكەوێ‌ و پابەندبێ‌ بەوەی ئەوان پێوەی پابەندبوون و لەسەر نەهج و ڕێبازی ئەوان  بڕوات و شوێنپێی ئەوان هەڵبگرێ‌ پێی دەوترێ‌ سەلەفی بەیائی نسبەت .
     ئەمما(( سەلەفییەت ))كە نسبەتە بە(( سەلەف ))،مەبەست(( طریقە ))و ڕێگەی    ((سەلەف))ەلە هاوەڵان و تابعییەكان وشوێنكەوتووەكانیان وەبەم مانایە((سەلەفیەت )) ڕێباز و مەنهەجێكی درێژبوەوەیە تا ڕۆژی قیامەت .
    وە ئینتساب و خۆدانە پاڵی دروستە كاتێ‌ كە ئەو كەسە پابەندبێ‌ بە مەرجەكانی و بنچینەكانی ڕێبازەكەوە كە (( سەلەف )) پابەندبوون پێیانەوە . كەواتە : سەلەفیەت ، واتە : مەنهەجی سەلەف ، وە مەبەستیش بە مەنهەجی سەلەف ، خودی مەنهەجی ئیسلامی پیرۆزە ، وە ئەویش ڕێگەی ڕاستی خودا و ئەو حەبلەبتەوەیە خودا فەرمانی پێمان كردووە بە شوێنكەوتنی لە فەرمایشتی خۆیدا :[ وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُمْ بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ]( الأنعام :153 )  وە پێغەمبەری خوداش(صلى الله علیه وسلم) تێیدا فەرموویەتی : (( تركتكم على البيضاء ليلها كنهارها لا يزيغ عنها بعدي الا هالك )) رواة احمد في المسند ، ج4 /126 وغيرة .
    ئەمە زۆر بە كورتی پێناسەی (( سەلەف )) و (( سەلەفییەت )) بوو .
    هەندێك تۆمەت و وەڵامەكانیان :
    هەڵبەت لەمڕۆدا ئەوەی ئیددیعای سەلەفیەت و شوێنكەوتنی مەنهەج و ڕێبازی سەلەف ، یان ئەهلی سوننەت و جەماعەت بكات بە مانا تایبەتەكەی ، ئەوا دوژمن و ناحەزێكی زۆری لەدژ ڕاست دەبێتەوەو بە كەیف و ئارەزووی خۆیان تۆمەتی بەسەردا دەبەخشنەوە ، بە مەبەستی ناشرینكردن و ناوزڕاندنیلەناو كۆمەڵگەدا . وە گشتاندنیان بەسەر هەموو ئەو كەسانەدا كە مەنهەج و ڕێبازی سەلەف بە ڕاست و دروست و دوور لە هەموو كەم و كورتییەك دەزانن ستەمە ، بەڵكو ستەمێكی گەورەیە چونكە سەلەفییەكان هەموویان لەسەر دەستی شێخێك ، یان مامۆستایەك زانست و مەنهەج  و ڕێبازی سەلەفیان وەرنەگرتووە ،وە تێشیاندا خەڵكێك هەیە  لە كتێبەكان و نوسینەكانی زانایان و پێشەوایانی سەلەفەوە سەلەفیەتی وەرگرتووە و ئاشنایەتی لەگەڵ  مەنهج و ڕێبازی سەلەف پەیداكردووە ، وە ئێمەش یەکێکین لەوانەی سەلەفیەتمان بەو شێوەیە وەرگرتووە ، هەر چەندە لەسەر و بەندی فەقێتیدا سودمان لە زانستی هەریەك لە بەڕێزان مامۆستا أحمد كاكە محمود و مامۆستا شێخ صدیق سەرگەتی و مامۆستا مەلا أحمدی ساوجی ومامۆستا مەلا عبدالعزیزی ئیزەدی وەرگرتووەومامۆستا( عبدالخالق ) ی زاوەریش لە ساڵی 1991ز مۆڵەتی زانستی پێمان داوە.
    ناو بەناو دەبیستین هەندێك تۆمەتی ئەوە  دەدەنە پاڵی ئێمە كە گوایە سەر بە رەوتێكبین بەناوی مەدخەلیزم ! بەڵام ئەوە جگە لە درۆیەكی شاخدارنەبێ ، هیچ شتێكی دیكەنییە ، وە نەك هەر شێخ ڕەبیع بەڵكو وێنەیشیمان نەبینیوە ،  هەندێك لە كتێبەكانی نەبێ‌ ، وە ئەویش دەپێكێ‌ و هەڵە دەكات وەك هەموو كەسێك ، وە بگرە هەندێك تێبینیشمان لەسەری هەبێت ، بەڵام ئەوە ڕەت دەكەینەوە كە خەڵكێك بەدرۆ و بوهتان نسبەتی ئێمە بە شێخ ڕەبیع ، یان هەر شێخێكی دیكە دەدا ، وە ئەمە ڕێك وەك ئەوە وایە كە خەڵكێك لە ڕابردوودا دەیانگوت فڵان وەهابی یە ونسبەتیان بە شێخ محمدی كوڕی عبدالوهاب دەدا ! هەڵبەت لەگەڵ ئەدەب و زۆر ڕێزمان بۆ هەموو زانایان و پیشەوایانی ئایین دەڵێین: ئێمە پێمان دروست نییە پەیڕەوی لە ئیمامێكی وەك ئیمامی گەورە( ئەبو حەنیفە )، یان ئیمامی ( دارالهجرة ) ئیمامی ( مالك ) ، یان ( ناصر السنة ) پێشەوا شافعی ، یان ( امام السنة ) پێشەوا (أحمدی كوڕی حەنبەل) لە هەموو وتەكان و بۆچوونەكانیاندا بكەین وەك ئەوەی حەنەفیەك ، یان مالكیەك ، یان شافعییەك ، یان حەنبەلیەك بە دەمارگیرییەوە پەیڕەوییان لێدەكات و ئینتسابی خۆی بەوان دەدات ، بەڵكو لەگەڵ ئیقرارمان بە فەزڵ و گەورەیی و ئیمامەتیان دەڵێین : ئەوانیش دەپێكن و لەقسەی هەموو كەسێكیش وەردەگیرێ‌ و رەد دەكرێتەوە جگە لە قسەی پێغەمبەری خوا نەبێ(صلى الله علیه وسلم)،هەر چەندە سوودیش لەكەلەپووری فیقهی و  ئیجتهادەكانیان وەردەگرین و بەرزیان دەنرخێنین .جا كەوابوو چۆن ئەوە بە دروست ئەزانین پەیڕەوی لە شێخ ڕەبیع مەدخەلی یان كەسێكی دیكە بكەین ؟! ، وە ئەگەر بێتو پەیڕەوی لە زانایەك بكەین بە تەقلید ئەوا پەیڕەوی لە پێشەوا ( أبو حنیفە ) ، یان ( مالك ) ، یان ( شافعی ) ، یان ( أحمد ) دەكەین نەك لە شێخ ڕەبیع ، یان شێخ محمد أمان علی جامی ،یان كەسێكی دیكە لە  زانایان ، یان لە مامۆستایەکی، سەلەفی هەروەك ئەوەی هەندێك بەدرۆ و  بوهتان ئینتسابی هەموو سەلەفییەكانی كوردستان بە دكتۆر عبداللطیف دەدەن و بە شێخی سەلەفیەكانی كوردستان ناوی دەبەن ! وە ئەوەش ستەمە لە دكتۆر عبداللطیف لە لایەك ، چونكە ئەو شێخی سەلەفییەكانی كوردستان نییە ، وەسەلەفیەكانیش بە تایبەت شێخكیان نیە ئەمە لەلایەكەوە ، وە لەلایەكی دیكەشەوە ستەمیشە لە سەلەفییەكانی كوردستانیش جگە لە قوتابییەكانی خۆی نەبێ‌ ، چونكە ئەوانیش تەنها وەك مامۆستایەكی سەلەفی لێی دەڕوانن وەك ئەوەی خۆیشی تەنها بە مامۆستایەكی سەلەفی دەزانێ‌ نەك زیاتر . وە ئێمەش كە برادەری و دۆستایەتیەكمان لەگەڵ مامۆستا عبداللطیف ، یان هەر مامۆستایەكی دیكەی سەلەفی هەبێ‌ لە برادەری و دۆستایەتی زیاتر نییە ، وەدیسان برادەری ودۆستایەتیشمان لەگەڵ هەندێك لەئیسلامییەكانیشدا هەیە ، هەر چەندە هەموو موسڵمانان براین لە ئیسلام و ئیماندا . وە جگەلەوە هیچ تەوجیهێکیش لە هیچ كەسێكەوە وەرناگرین و پەیوەندیشمان بە هیچ حیزب و كۆمەڵ و حوكومەتێكەوە نییە ، وە لە تاوان و هەڵەی حیزبی نوور  و دەسەڵاتدارانی شانیشنی سعودیەو كودەتاكەی سوپای میصری و تاوانەكانی سیسی بەرپرسیارنین، بەڵكو بەرین لە ڕژانی هەموو دڵۆپە خوێنێك و هەر تاوانێك كە بەرامبەر بە ئیخوان و خۆپیشاندەران تاوانباران ئەنجامیان داوە و ئەنجامی دەدەن ، وە ئێـمە  لە ووتاری هەینیشدا لە دوای كودەتاكەوە ئیدانەی ئەوەمان كرد لەسەر مینبەری مزگەوتی أبوبكری صدیق لە هەڵەبجەی شەهید. وە لەگەڵا ئەوانەشدا تۆمەتی ئەوەش دەدەنە پاڵا هەرچی سەلەفیە کەگوایە دەسەڵاتدارانی عەلمانی لەهەموو وڵاتێك  بە ئەمیرو ئیمامی خۆیان دەزانن ! بەڵام ئەوەش دیسان جگە لە بوهتان و درۆیەكی شاخداری دیكە یان نەبێ‌ هیچی تر نییە.
    وەئەم بەندەیەی خوا بەنمونە ئەگەر هەر سەرۆك حیزبێك چ عەلمانی و چ ئیسلامی بە ئەمیرو ئیمامی خۆی بزانێت ، ئەوە بەراِستی هەڵەیە ئەگەر لەسەر سەلەفیەت حیساب بكرێت ،وەئیللابوهتان و درۆ هەڵبەستن بەسە و بیرێك لەسزاو پاشە رۆژەکەی بکەنەوە لەڕۆژی قیامەتدا و  واز بێنن لەبوهتان و درۆ هەڵبەستن وتۆمەت بەخشینەوە.
    ئەمە بە كورتی وەڵامی هەندێك لە تۆمەتەكان و بوهتانەكانی ناحەزانی سەلەفیەت بوو.داوا لە خوای بەرزوباڵا دەكەین هیدایەتی ئێمەیش وئەوانیش وكار بەدەستانیش بدات بۆ ڕێگەی راِست و تەحكیمی شەرع و ئایینەكەی خۆی.
    وصلى الله وسلم وبارك على النبي الأمي محمد وآله وأصحابه أجمعين والحمد لله رب العالمين .
     

    م . مصطفی محمد   
    • تەعلیقاتى بلوجر
    • تەعلیقاتى فەیسبوک

    0 التعليقات:

    إرسال تعليق

    Item Reviewed: سەلەف و سەلەفیەت و وەڵامی هەندێك تۆمەت... Rating: 5 Reviewed By: tweshu
    Scroll to Top