پاش كۆچی دووایی خاتوو خەدیجە و هەر لە مەككەدا پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) خاتوو عائیشەی مارە كردووە.ـ خاتوو عائیشە لە شاری مەككە و لە ساڵی چواری پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەدایك بووە و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) مارەی كردووە، پاش كۆچكردنی بۆ مەدینە، لە مەدینە و لە مانگی شەووالی ساڵی دووەمی كۆچی و لە تەمەنی نۆ ساڵیدا گواستویەتیەوە و ژیانی هاوسەری لەگەڵ دەست پێكردووە.
خاتوو عائیشە ناوی: (عَائِشَةُ بِنْتُ أَبِي بَكْرٍ الصّدّیقِ عبدِ الله بن أبی قُحافة، التَّیْمِیَّة) و كچی یەكەم هاوەڵ و جێنشین و باوەڕدار و خۆشەویسترین كەسی پێغەمبەر بووە (صلى الله عليه وسلم)، دایكیشی ناوی: (أُمّ روومَانَ زینب بِنْتُ عَامِڕ)ە.ـ
خاتوو عائیشە ناوی: (عَائِشَةُ بِنْتُ أَبِي بَكْرٍ الصّدّیقِ عبدِ الله بن أبی قُحافة، التَّیْمِیَّة) و كچی یەكەم هاوەڵ و جێنشین و باوەڕدار و خۆشەویسترین كەسی پێغەمبەر بووە (صلى الله عليه وسلم)، دایكیشی ناوی: (أُمّ روومَانَ زینب بِنْتُ عَامِڕ)ە.ـ
پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەسەر حەز و ویستی خۆی خاتوو عائیشەی هەڵنەبژاردووە، بەڵكو چەند جارێك لە خەودا پێی گوتراوە و وێنەی خاتوو عائیشەی پێ نیشان دراوە كە لە دواڕۆژدا دەبێتە خێزانی، لەو بارەیەشەوە پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: { أُرِيتُكِ فِي الْمَنَامِ مَرَّتَيْنِ أَرَي أَنَّكِ فِي سَرَقَةٍ مِنْ حَرِيرٍ يَقُولُ: هَذِهِ امْرَأَتُكَ، فَأَكْشِفُ فَإِذَا هِيَ أَنْتِ، فَأَقُولُ: إِنْ يَكُنْ هَذَا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ يُمْضِهِ }.
واتە: دوو جار لە خەودا تۆیان پیشان دام، لە دووتوێی پارچەیەك ئاوریشمدا بویت، ئەو فریشتەیەی كە نیشانی دەدام پێی دەگوتم: ئەوە خێزانتە، كە ئاوریشمەكەم دەكردەوە تۆم دەبینی، دەمگوت: ئەگەر ئەم كارە لە لایەن خوداوە بێت و ویستی ئەوی لەسەر بێت وا دەبێت. ـ هەرچەندە خاتوو عائیشە هیچ منداڵیشی نەبووە بەڵام پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)نازناوی (أُمَّ عَبْدِ اللَّهِ)ی لێ ناوە، بە خۆشی عەبدوڵڵای كوڕی زوبەیرەوە كە خوشكەزای خاتوو عائیشە بووە و یەكەم منداڵی كۆچكەرەكان بووە كە لە مەدینە لەدایك بووە.ـ
خاتوو عائیشە لە نێوان خێزانەكانی پێغەمبەردا ،(صلى الله عليه وسلم) خوای پەروەردگار میهری زۆری لەگەڵ كردووە و تایبەتمەندی زۆری هەبووە، خۆی لە بارەی هەندێكیانەوە دەفەرمووێت: (لَقَدْ أُعْطِيتُ تِسْعًا مَا أُعْطِيَتْهَا امْرَأَةٌ بَعْدَ مَرْيَمَ بِنْتِ عِمْرَانَ: لَقَدْ نَزَلَ جِبْرِيلُ بِصُورَتِي فِي رَاحَتِهِ حَتَّي أَمَرَ رَسُولَ اللهِ (صلي الله عليه وسلم) أَنْ يَتَزَوَّجَنِي، ؤلَقَدْ تَزَوَّجَنِي بِكْرًا، وَمَا تَزَوَّجَ بِكْرًا غَيْرِي، ؤلَقَدْ قُبِضَ وَرَأْسُهُ فِي حِجْرِي، وَلَقَدْ قَبَرْتُهُ فِي بَيْتِي، ؤلَقَدْ حَفَّتِ المَلَائِكَةُ بِبَيْتِي، وَإِنْ كَانَ الْؤحْيُ لَيَنْزِلُ عَلَيْهِ وَإِنِّي لَمَعَهُ فِي لِحَافِهِ، وَِنِّي لَابْنَةُ خَلِيفَتِهِ ؤصِدِّيقِهِ، وَلَقَدْ نَزَلَ عُذْرِي مِنَ السَّمَاء، وَلَقَدْ خُلِقْتُ طَيِّبَةً عِنْدَ طَيِّبٍ، وَلَقَدْ وُعِدْتُ مَغْفِرَةً وَرِزْقًا كَرِيمًا).
واتە: خوای پەروەردگار نۆ بەخششی لەگەڵم كردووە، كە لە پاش مەریەمی كچی عیمران لەگەڵ هیچ ئافرەتێكی تردا نەیكردووە:
أـ جبریل هاتوەتە خوارەوە و لەسەر لەپی دەستی شێوەی منی پیشانی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)داوە و تەنانەت فەرمانی پێكردووە كە من بكاتە هاوسەر و خێزانی.
ب ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) منی بە كچی هێناوە و جگە لە من، هیچ كام لە خێزانەكانی تری كچ نەبوون.
پ ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) سەری لە سەر سنگ و لە باوەشی من بوو كاتێك وەفاتی كرد.ت ـ تەرمی پیرۆزی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەكەو لە ژورەكەی مندا بە خاك سپێردراوە.
ج ـ فریشتەكانی خودا دەورەی ژورەكەی منیان داوە.
ح ـ هەندێكجار كە نیگای بۆ دەهات لەگەڵ من لە ژێر یەك پێخەفدا بووین.
خ ـ من كچی یەكەم جێنشین و هاوەڵ و باوەڕپێكراوی پێغەمبەری خودام (صلى الله عليه وسلم).
دـ خودای پەروەردگار شایەتی داوێنپاكیی بۆ داوم، گەواهی و بەڵگەی داوێنپاكی من لە ئاسمانەوە و لە قورئاندا هاتۆتە خوارەوە.
زـ بە پاكیی و باشی لە خێزان و بنەماڵەیەكی باش و پاكدا دروست و پەروەردە بووم.
ژـ خوای گەورە بەڵێنی لێخۆش بوون و رۆزییەكی پڕ لە میهری پێ داوم.ـ
سەرەڕای ئەمانە هەمووی كە خاتوو عائیشە خۆی باسیان دەكات:
أـ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو كەس زیاتر خۆشی ویستوە، عەمری كوڕی عاص بۆمان دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت، لە پێغەمبەری خودام (صلى الله عليه وسلم)پرسی: (أَيُّ النَّاسِ أَحَبُّ إِلَيْكَ قَالَ:{عَائِشَةُ} قُلْتُ: مِنَ الرِّجَالِ. قَالَ: {أَبُوهَا}..).
واتە: كێت لە هەموو كەس زیاتر خۆش دەوێت؟ فەرموی: {عائیشە} وتم: ئەی لە پیاوان؟ فەرموی: {باوكی}.
ب ـ جبریل بە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)دا و بە تایبەتی سڵاوی بۆ ناردووە، خاتوو عائیشە لەم بارەیەوە دەفەرموێت: رۆژێكیان پێغەمبەری خودا پێی گوتم: { يَا عَائِشَة هَذَا جِبْرِيلُ يُقْرِئُكِ السَّلَامَُ }.
واتە: {ئەی عائیشە ئەوە جبریلە سڵاوتلێ دەكات}.
ت ـ یەكێك بووە لە شارەزا ناودارەكانی ناو خێزانەكان و هاوەڵانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەر كات هاوەڵان كێشەیەكیان لێ ئاڵۆز ببوایە دەگەڕانەوە لای خاتوو عائیشە تا بۆیان روون بكاتەوە، لە تەمەنی پڕ لە فەڕی لەگەڵ پێغەمبەری خودا دا ،(صلى الله عليه وسلم) نزیكەی دوو هەزار و دووسەد و دە فەرموودەی لە پێغەمبەری خوداوە (صلى الله عليه وسلم) لەبەر كردووە و گێڕاوەتەوە.(إبْنُ كَپِیرٍ) دەربارەی خاتوو عائیشە دەفەرموێت: (لَمْ يكنْ في الَاُمَمِ مِثْلُُ عائشةَ في حِفْظِها، وعِلْمِها، وفَصاحَتِها، وعَقْلِها).
واتە: "لە ناو هیچ نەتەوەیەكدا ئافرەتی وەكو خاتوو عائیشە لە بیرتیژیی، زانایی، رەوانبێژی و ژیرییدا هەڵنەكەوتووە".ئیمامی (ذهَبِي) یش لە بارەیەوە دەفەرموێت: (أفْقَهُ نساءِ الَاُمَّةِ علَى الإطلاقِ، ولا أعْلَمُ في أُمَّةِ محمد (صلي الله عليه وسلم) بَلْ ولا في النساءِ مطلقاً امرأةً أعْلَمَ مِنْها).
واتە: "شارەزاترین ئافرەتی ئەم نەتەوە و ئوممەتەیە بەڕەهایی، نە لە نەتەوەی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) و نە لە ناو ئافرەتاندا بە گشتیی ئافرەتێكی لەو زیرەكتر نازانم".تەنانەت هەندێك لەزانایان دەفەرموون: "كە یەك لەسەر چواری هەموو حوكمە شەرعییەكان لە خاتوو عائیشەوە گێڕدراوەتەوە و ئەو سەرچاوەیەتی"
خاتوو عائیشە یەكێك بووە لەو ئافرەتە ناودارانەی كە بە شەرم و شكۆ، خواناسی، بەخشندەیی و میهرەبانی ناوبانگی دەركردبوو، تەنانەت لە مردوویش شەرمی دەكرد، لەو بارەیەوە دەفەرموێت: (كُنْتُ أَدْخُلُ بَيْتِي الَّذِي دُفِنَ فِيهِ رَسُولُ اللَّهِ (صلي الله عليه وسلم) ؤأَبِي فَأَضَعُ ثَوْبِي فَأَقُولُ إِنَّمَا هُوَ زَوْجِي وَأَبِي، فَلَمَّا دُفِنَ عُمَرُ مَعَهُمْ فَوَاللَّهِ مَا دَخَلْتُ إِلاَّ وَأَنَا مَشْدوودَةٌ عَلَيَّ ثِيَابِي حَيَاءًً مِنْ عُمَرَ).
واتە: "كاتێك دەچوومە ئەو ژوورەی كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) و باوكمی تێدا بەخاك سپێردرابوو، جلەكانم دادەنا و دەمگوت: ئەوەیان هاوسەرمە و ئەوەیشیان باوكمە، بەڵام كاتێك ئیمامی عومەریان لەوێ لەگەڵ ئەوان بەخاك سپارد، سوێند بەخوا هیچ جارێك نەچوومەتە ئەوێ ئیللا سەرپۆش و جلەكانم توند لە خۆم دەئاڵاند لە شەرمی ئیمامی عومەردا".
سەبارەت بە بەخشندەیی و میهرەبانیی خاتوو عائیشە (أُمّ دُرَّە) دەگێڕێتەوە كە جارێكیان نزیكەی سەد هەزار درهەمیان بۆ نارد، ئەویش بەڕۆژوو بوو، دانیشت و دەستی كرد بە دابەشكردنی هەتا ئێوارە هیچی لێ نەمایەوە، پاشان كە ویستی رۆژووەكەی بشكێنێت، تەنیا نان و رۆنیان هەبوو رۆژووی پێ بشكێنێت، (أُمّ دُرَّە) دەڵێت: پێم گوت: نەتدەتوانی لەو هەموو پارەیە بایی یەك درهەم گۆشتت بكڕیایە ئێستا رۆژووەكەت پێ بشكاندایە؟ فەرمووی: لێم توڕە مەبە ئەگەر زووتر قسەت بكردایە بەقسەم دەكردیت. ـ
لە ساڵی پەنجا و هەشتی كۆچیدا و هەر لە مەدینە لە شەوی سێشەممە رێكەوتی حەڤدەی مانگی رەمەزان لە تەمەنی شەست و شەش ساڵیی كۆچی دوایی كردووە و وەسیەتی كردووە كە ئەبوهوڕەیرەی هاوەڵی پێغەمبەر نوێژی لەسەر بكات، گیانی پاكی لە گۆڕستانی بەقیع بەخاك سپێردراوە. لەبەر ئەوەی هاوسەرگیریی خاتوو عائیشە قسە و باسی زۆری لەسەر دەكرێت، خەڵكانی ناحەز بە شێوەیەكی دوور لە راستیی نیشان و نمایشی دەكەن، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە كەسانە و خستنە رووی راستییەكان وەكو خۆی، بەپشتیوانی خودای پەروەردگار لە چەند تێبینی و سەرنجێكدا قسە لە سەر هەموو لایەن و چەمكەكانی ئەو هاوسەرگیرییە دەكەین.
تێبینییەكان:
یەكەم: سەبارەت بە جیاوازیی تەمەن لە نێوان خاتوو عائیشە و پێغەمبەردا ،(صلى الله عليه وسلم) كە خەڵكانێك پێیان وایە ئەو هاوسەرگیرییە لەم رووەوە گونجاو نەبووە، بۆ روونكردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو رەخنەیە چەند خاڵێك دەخەینە روو:
1ـ هەڵسەنگاندنی ئەو جیاوازییە لە نێوان تەمەنیاندا كە ئایا تا چەند گونجاو بووە، یان نا، چەند پێوەرێك هەیە كە ئێمە لە رێگەیانەوە دەتوانین ئەو حوكمە بدەین، ئەو پێوەرانەیش بریتین لە: پێوەری شەرعی، یاسایی، زانستی و پزیشكی، دابونەریتی كۆمەڵایەتی.
أـ سەبارەت بە پێوەری شەرعی لە دوو رووەوە قسەی لەسەر دەكەین:
رووی یەكەم: بەشێوەیەكی گشتیی ئێمەی موسڵمان باوەڕمان وایە و لەوە دڵنیاین كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) هەر كارێكی كردبێت لە دوو دەرهاویشتەوە بووە:
یەكەمیان ئەوەیە كە خوای پەروەردگار نیگای بۆ ناردووە و فەرمانی پێ كردووە كە ئەو كارە بكات.دووەمیان ئەوەیە كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) بە بۆچوونی خۆی پێی باش بووە بیكات و كردوویەتی، جا ئەگەر بۆچوونەكەی دروست بووبێت و راستی پێكابێت ئەوە وەك خۆی رۆیشتووە و باوەڕداران كاریان پێ كردووە و وەك سوننەت تەماشایان كردووە.بەڵام ئەگەر لە بۆچوونەكەیدا نەیپێكابێت ئەوە خوای پەروەردگار لێی بێدەنگ نەبووە و لە رێی نیگاوە بۆچوونەكەی راست كردووەتەوە و رێگەی راستی پیشان داوە. كەواتە: لە ئەنجامدا و لە هەردوو حاڵەتەكەدا هەرچی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)كردبێتی و لەسەری بەردەوام بووبێت، ئەوە ویستی خوای لەسەر بووە و خوا پێی رازی بووە، هەر لەمرووەیشەوەیە كە خوای پەروەردگار سەبارەت بە هەموو هەڵسوكەوتێكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە رەهایی دەفەرموێت: [وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوى إِنْ هُوَ إِلَّا وَحْيٌ يُوحَى].
واتە: "پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) هیچ شتێك لە خۆیەوە ناڵێت، ئەوەی دەیڵێت هەمووی نیگایە و لە ئێمەوەیە".
هەروەها دەفەرموێت: [وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا].
واتە: "هەرچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیڵێت و دەیكات و فەرمانی پێدەكات لە رووی شەرعەوە، وەكو ئایین و سوننەت، ئەوە وەری بگرن و بەگوێی بكەن، هەرچیش ئەو رێگیریی لێ دەكات لەم رووەوە ئەوە مەیكەن و وازی لێ بهێنن".
هەر بۆیە و بەم پێوەرە گشتییە دڵنیاین كە ئەگەر هاوسەرگیریی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو عائیشە بچووكترین قسە، یان رەخنەی هەڵبگرتایە، ئەوە خوای پەروەردگار لێی بێدەنگ نەدەبوو، رێگەی پێ نەدەدا. بەشێوەیەكی تایبەتیش لە چەندین دەقدا لە كتێبە دروستەكانی فەرموودەدا هاتووە كە هاوسەرگیریی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو عائیشە بە ویست و خواستی خۆی نەبووە، بەڵكو بە فەرمانی خودا بووە و لە رێگەی نیگاوە بووە، جبریل بۆ چەند جارێك شێوەی خاتوو عائیشەی پیشان داوە و پێی راگەیاندووە كە ئەو ئافرەتە دەبێتە خێزانی و دەبێت بیهێنێت، پێشتر دەقێكمان لەو بارەیەوە باس كرد.كەواتە لە رووی شەرعییەوە ئەم كارەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)هیچ قسە هەڵناگرێت، هەركەس رەخنە لەم كارە بگرێت، یان بە نەگونجاوی لە قەڵەم بدات، ئەوە بییەوێت یان نەیەوێت رەخنە لە فەرمان و كاری خودای كاربەجێ دەگرێت، ئەمەیش بە دڵنیاییەوە زیان بە باوەڕی مرۆڤی باوەڕدار دەگەیەنێت.رووی دووەم: لای هەمووان ئاشكرایە كە ئەركی روونكردنەوەی فەرمانەكانی خوای پەروەردگار و ئایەتەكانی قورئان و حوكمە شەرعییەكان بە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)سپێردراوە، خوای پەروەردگار لەم بارەیەوە لە قورئاندا دەفەرموێت: [وَأَنْزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ ].
واتە: ئێمە [ذِكْرَ]مان بۆ تۆ ناردووەتە خوارەوە، بۆ ئەوەی ئەوەیان بۆ روون بكەیتەوە كە بۆیان هاتووەتە خوارەوە،
مەبەست لە [ذِِكْرَ] لەم ئایەتەدا سوننەتەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و فەرموودەكانێتی، [مَا نُزِّڵ إِڵیْهِمْ] مەبەست پێی قورئانە.كەواتە بە بەڵگەی ئەم ئایەتەیش دیسانەوە سوننەتەكانی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هەر نیگایە و لە خوداوەیە، زۆربەی سوننەتەكانی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەكەونە خانەی ئەركی روونكردنەوەی حوكمە شەرعییەكانەوە، بۆیە دەبینین زۆركات بۆ زیاتر روونكردنەوەی حوكمێكی شەرعی، پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) خۆی هەستاوە كارەكەی كردووە، بۆ ئەوەی بۆ خەڵكیی روون بكاتەوە كە سنووری ئەو كارە چەندە و چۆن ئەنجام دەدرێت.سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو عائیشە، هەر هەمان مەبەستی تێدا بەدی دەكرێت، كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) ویستویەتی سەرەتای تەمەنی گونجاو بۆ هاوسەرگیریی بۆ باوەڕداران دیاریی بكات، كە تەمەنی حەوت ساڵییە، بۆ ئەوەی كە موسڵمانان ئەوە بزانن كە لە سەرەتای تەمەنی حەوت ساڵییەوە ئافرەت و پیاو دەكرێت لەسەر رەزامەندیی خۆیان و لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان بەپرسی باوكیان، یان ئەو كەسەی كە سەرپەرشتییان دەكات گرێبەستی هاوسەر گیریی ئەنجام بدەن، بە باڵغبونیان ژیانی خێزانی دەست پێ بكەن، دیارە لە وڵاتە گەرمەكاندا مرۆڤ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا باڵغ دەبێت.هەر بۆیە پێویستە لە دیدی خەڵكی باوەڕداردا ئەم كارەیش وەك ئەركێكی تری پێغەمبەرایەتی سەیر بكرێت، نەك وەك خواست و حەز و ئارەزوویەكی تاكەكەسی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).
ب ـ سەبارەت بە پێوەری یاسایی:
ئەگەر لە رووی یاساییشەوە بمانەوێت قسە لەسەر ئەم هاوسەرگیرییە و تەمەنی خاتوو عائیشە بكەین:ئەوە خاتوو عائیشە كاتێك مارە بڕدراوە لە تەمەنی حەوت ساڵییدا بووە، لە رووی یاساییەوە مرۆڤ لەم تەمەنەدا (أهلية الأداء الناقصة)ی هەیە.
واتە: مرۆڤ توانست و شیاوی یاسایی هەیە كە هەندێك لەو كار و ئەركە یاساییانەی دەكەوێتە ئەستۆی بەئەنجامی بگەیەنێت.بەشێوەیەكی گشتیی ئەو ئەرك و كارانەی مرۆڤ لەم تەمەنەدا ئەنجامی دەدات دەكرێت بە سێ بەشەوە:
یەكەم: ئەگەر ئەو كارەی دەیكات جگە لە زیان، چاوەڕوانی سوودی لێ نەدەكرا، ئەوە ئەو كارەی لە رووی یاساییەوە بەتاڵە و هیچ شوێنەواری لێ ناكەوێتەوە، كەسیش مافی ئەوەی نییە مۆڵەتی بدات.
دووەم: ئەگەر ئەو كارەی دەیكات جگە لە سوود، چاوەڕوانی زیانی لێ نەدەكرا، ئەوە ئەو كارەی لە رووی یاساییەوە یەكسەر جێبەجێ دەكرێت و دروستە و هیچ گرفتی نییە، هەموو شوێنەوارێكی یاساییشی لەسەر دروست دەبێت و پێویستی بە مۆڵەتی كەس نییە.
سێیەم: بەڵام ئەگەر كارەكەی ئەگەری سوود و زیانیشی هەبوو، ئەوە پرس بە باوك، یان كەسی سەرپەرشتیاری دەكرێت، ئەگەر مۆڵەتی كردنی كارەكەی دا، ئەوە وەك بەشی دووەم وایە و دروستە و هیچ گرفتی نییە، بەڵام ئەگەر رێگەی پێ نەدا، ئەوە وەكو بەشی یەكەم وایە و بەتاڵە و هیچ شوێنەواری لێ ناكەوێتەوە. گرێبەستی هاوسەرگیریی لە بەشی سێیەم پۆلێن دەكرێت كە ئەگەری سوود و زیانیشی هەیە و بە پرسی كەسی سەرپەرشتیار جێبەجێ دەكرێت.جا خاتوو عائیشە لە تەمەنی حەوت ساڵییدا و بە پرسی باوكی ئەم گرێبەستەی بۆ ئەنجام دراوە، كەواتە لە رووی یاساییشەوە هیچ گرفتی نییە و بەهاوسەرگیرییەكی دروست و تەواو دادەنرێت، ئەگەرچی بە فەرمییش لە دادگا تۆمار نەكرێت.ئەمە جگە لەوەی كە لە رووەكانی تریشەوە ئەم گرێبەستەی نێوان پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) و خاتوو عائیشە هەموو بنەما و مەرجەكانی دروستیی هاوسەرگیریی تێدا بووە، لە كاتی گواستنەوەیشیدا خاتوو عائیشە باڵغ بووە و بەو هاوسەرگیرییەی رازی بووە، ئافرەتی باڵغیش بۆی هەیە هاوسەرگیریی ئەنجام بدات بە ڕەزامەندی باوكی، یان كەسی سەرپەرشتیاری، بەبێ ئەوەی كەسی تر بۆی هەبێت دەست بخاتە كارەكانییەوە، یان رەخنەی لێ بگرێت.
ت ـ سەبارەت بە پێوەری زانستی:
لە رووی زانستیشەوە شتێكی بەڵگە نەویستە كە ئافرەتان لە ناوچە گەرمەكاندا زووتر پێدەگەن، بە بەراورد بە ئافرەتان لە ناوچە ساردەكاندا، بۆ نموونە ئافرەتانی زۆرێك لە وڵاتانی كەنداو لە تەمەنی هەشت ـ نۆ ساڵییدا پێدەگەن، بەڵام لە ناوچە ساردەكاندا لە تەمەنی سیازدە ـ چواردە ساڵییدا پێدەگەن.خاتوو عائیشەیش لە ناوچە گەرمەكاندا ژیاوە، هەر بۆیە زانایان كۆكن لە سەر ئەوەی كە كاتێك پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) گواستویەتیەوە تەمەنی نۆ ساڵان بووە و لە هەمان كاتیشدا باڵغیش بووە. ئایا هاوسەرگیریی لەم تەمەنەدا تا چەند ئەگەری زیان، یان سوودی لێ دەكرێت لە رووی زانستییەوە؟دیارە ناكرێت ئێمە بڵێین: هیچ ئەگەری زیانی نییە، چونكە ئەمە دوورە لە راستییەوە، بەڵام ئەگەر بشڵێین: هیچ سوودی نییە، وەك هەندێك لە رێكخراوەكان بانگەشەی بۆ دەكەن، ئەمەش دیسانەوە دوورە لە راستییەوە.چونكە ئەم كارەیش وەكو سەرجەم كارەكانی تری مرۆڤ، ئەگەری سوود و زیانیشی هەیە، بەڵام من لێرەدا لە بەر كەمی ماوە تەنیا باسی سوودەكانی دەكەم، چونكە زۆر باسی زیانەكانی بۆ خەڵك كراوە و بگرە زیادەرۆیشی تێدا كراوە و زۆریشی بۆ هەڵبەستراوە.لەم بارەیەوە زانایان دەڵێن: گرنگترین سوودەكانی هاوسەرگیریی ئافرەتان لە سەرەتای تەمەنی پێگەیشتندا ئەوەیە كە بەشێوەیەكی بەرچاو رێژە و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و رەحم و هێلكەدان كەم دەكاتەوە، كە بەداخەوە ئەمڕۆ بە شێوەیەكی بەرچاو لە ئافرەتاندا بەدی دەكرێت، ئەگەری منداڵبوون و پیتاندن لەو تەمەنەدا زۆر زیاترە، ئەگەری لە بارچوونی منداڵیش (إجهاض) لەم تەمەنەدا زۆر دەگمەن دەبێت، بە بەراورد بە تەمەنەكانی تر.هەروەها هاوسەرگیریی لە سەرەتاكانی تەمەنی پێگەیشتندا زۆر سوودی تری هەیە لە زۆر رووی ترەوە لەوانە: ئەگەری لادانی لاوان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە، گیانی هەست كردن بە بەرپرسیارێتیان تێدا دروست دەكات، دیاردەی قەیرە بوون و مانەوی لاوان لە دەرەوەی بازنەی هاوسەرگیریی بنەبڕ دەكات، كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا خەریكە ببێتە دیاردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان گوێی خۆیانیان لێ دەخەوێنن و باسی زیانەكانی ناكەن.هەر بۆیە سوودەكانی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە زۆر زیاترن لە زیانەكانی، رێگەپێدانی شەرع و كاری پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دوو بەڵگەی زەقی ئەم راستییەن.
پ ـ سەبارەت بە پێوەری دابونەریتی كۆمەڵایەتییش:
سەرەتا ئێمە كاتێك دەمانەوێت حوكم بەسەر هەر كارێكدا بدەین كە لە رابردوویەكی دووردا روویداوە لە رووی شیاویی، یان نەشیاویی كۆمەڵایەتییەوە، دەبێت بارودۆخ و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكان و سەردەمی روودانی كارەكە بخرێتە بەر چاو و بەهەند وەربگیرێت لە كاتی حوكمداندا، گەر نا ئەوە حوكمەكەمان لاسەنگ و ستەمكارانە دەبێت. هاوسەرگیریی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو عائیشە بەر لە هەزار و چوارسەد و سی و سێ ساڵ روویداوە، بۆیە ئێمە ناتوانین لە روانگەی سەدەی بیست و یەك و دابونەریتە كۆمەڵایەتییەكانی ئەم سەردەمەوە حوكمی شیاویی، یان نەشیاویی ئەو هاوسەرگیرییە بدەین، بەڵكو دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەم و باروودۆخەی كە هاوسەرگیرییەكە تێیدا رووی داوە.چونكە لەو سەردەمانەدا لە ناو كۆمەڵگای عەرەبی بە گشتیی و قوڕەیش و مەككە بە تایبەتی تەمەن لە پڕۆسەی هاوسەرگیرییدا زۆر بەهەند وەرنەگیراوە و قسەی لەسەر نەكراوە، هەر بۆیە دەبینین پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) بەر لە خاتوو عائیشە، دوو خێزانی تری هەبووە هەردووكیان پازدە ساڵ تەمەنیان لە خۆی زیاتربووە و هەردووكیان بێوەژن بوون، شتێكی ئاسایی بووە و قسەیشی لەسەر نەكراوە. پاشتریش كە خاتوو عائیشەی لەو تەمەنەدا هێناوە دیسانەوە شتێكی ئاسایی بووە و كەس قسەی لەسەر نەكردووە و نەبووەتە جێی رەخنەی بێباوەڕان، لە كاتێكدا ئەوان بە شوێن بچوكترین رەخنەدا دەگەڕان كە لەسەر پێغەمبەری خودای (صلى الله عليه وسلم) بگرن.ئەمە جگە لەوەی كە هاوشێوەی ئەو هاوسەرگیرییە زۆر باو بووە، بەڵام لەبەر بێبایەخییدا باس نەكراون، خۆ ئەگەر پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وەكو كەسێكی ئاسایی بوایە و مێژووی تەمەنی بە هەموو وردەكارییەكانییەوە تۆمار نەكرایە، ئەوا ئەم هاوسەرگیرییەیش وەك سەدان و هەزارەها هاوسەرگیریی هاوشێوەی خۆی هەر باس نەدەكران و مێژوو تێی دەپەڕاند.هەر بۆ نموونە: (عَبْد الْمطّلِبِ)ی باپیری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتی خۆی (هَالة)ی ئامۆزا و هاوتەمەنی (ێمِنَە)ی دایكی پێغەمبەری (صلى الله عليه وسلم) هێناوە، كە (آمِنَة) خێزانی بچووكترین كوڕی بووە كە (عَبْدُ اللَّهِ)ی باوكی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم).هەروەها ئیمامی عومەر كچێكی ئیمامی عەلی هێناوە كە عومەر لە باوكیشی گەورەتر بووە (رەزاو رەحمەتی خوایان لێبێت).جا ئەم دابونەریتە كە كاتی خۆی باو بووە تا چەند لەگەڵ دابونەریتی ئەم سەردەمەدا دەگونجێت ئەمە مەسەلەیەكی ترە.ئەم جیاوازییەی نێوان دابونەریتەكان و سەردەمەكان خۆی لە خۆیدا هەرگیز نابێتە پێوەری ئەوەی كە ئێمە لەوان باشترین، یان دابونەریتی ئێمە بە بەهاتر و باڵاترە، بەڵكو پێوەری شەرع ئەم حوكمە یەكلا دەكاتەوە و دەیسەلمێنێت كە كام كۆمەڵگا و دابونەریتی كام سەردەم بە بەهاتر و باڵاترە.تەنانەت لە رووی حوكمیشەوە ئەو دابونەریتە دەكرێتە بەڵگە و سەرچاوەی حوكمی شەرعی كە لەگەڵ بەڵگە و بنەما شەرعییەكاندا تەبا و گونجاو بێت، گەر نا ئەوە هیچ نرخی نییە و پێویستە بنەبڕ بكرێت، هەرچەند و هەرچۆن و لە هەر كات و سەردەمێكدا بێت.هەر بۆیە ناتوانین بڵێین بە خاتری ئەوەی ئەو دابونەریتەی كاتی خۆی لە ناو مەككە و قوڕەیشدا باو بووە، هەر لەبەر ئەوەی لەگەڵ دابونەریتی ئەم سەردەمەدا ناگونجێت، بۆیە پێویستە بنەبڕ بكرێت و بە هەڵە و نەشیاو باس بكرێت. چونكە زۆر بەداخەوە لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنە زانستی و تەكنەلۆژییەدا هەندێك ئاكار و نەریتی هەندێك لە كۆمەڵگاكانی سەدەی بیست و یەك هەیە، كە نەك تەنیا كۆمەڵگاكانی پێشتر نەیان كردووە و بیریان لێ نەكردووەتەوە، بەڵكو تەنانەت لە ناو هیچ جۆرێك لە ئاژەڵانیشدا شتی وا بێزراو و قێزەون نییە و دەگمەنە. كەواتە بە هەموو ئەو پێوەرانەی باسمان كردن كە بنەمان بۆ هەر حوكمێكی شەرعی، ئەم هاوسەرگیرییەی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) دروست بووە و رەخنە هەڵناگرێت.
سەبارەت بەو لایەنەیش كە گوایە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) كەسێكی ئارەزووباز بووە و هەر لەو رووەیشەوە و بۆ ئەو مەبەستەش خاتوو عائیشەی هەڵبژاردووە و هێناوە. بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندنی ئەم لایەنە و دەرخستنی رووی راستییەكان لەم بارەیەیشەوە چەند خاڵێك دەخەینە روو:
1ـ سەرەتا لە رووی زانستییەوە وەكو زانایان و پزیشكان دەڵێن: مرۆڤ هێز و تواناكان و گەشەی جەستەیی هەتا تەمەنی سی و سێ ساڵ بەردەوام دەبێت، پاشان گەشەی لاشە و تواناكان لە تەمەنی سی و سێ ساڵی تا تەمەنی چل ساڵی رادەوەستێت، پاشتر لە تەمەنی چل ساڵییەوە هێز و تواناكان روو لە كزی و دارووخان دەكەن. پێغەمبەری خوداش (صلى الله عليه وسلم) لە تەمەنی پەنجا و چوار ساڵی ژیانی هاوسەرگیریی لەگەڵ خاتوو عائیشە دەست پێكردووە، واتە پاش چواردە ساڵ لە دارووخانی تەمەن و كزبوونی توانا جەستەیی و غەریزییەكانی.جا ئەگەر پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) كەسێكی ئارەزووباز بوایە، ئەوە دەبوو لە هەڕەتی لاوی و تەمەنی گەنجیدا ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەی بكردایە، نەك لەو تەمەنەدا.
2ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لە تەمەنی لاوی لە مەككەدا و لەناو قوڕەیشدا بووە و ژیاوە، هەمووشمان دەزانین كە كۆمەڵگای قوڕەیش و شاری مەككە پڕ بوو لە دیاردەی خراپ، ئافرەتی سۆزانی، ماڵی لەش فرۆشی، ئافرەتانی كۆیلە و دیاردەی فرەژنی بێ سنوور، هیچ كام لەم كارانە یان دیاردە دزێوانە لەو كۆمەڵگا و سەردەمانەدا بۆ پیاوان بە عەیبە وخراپەیش سەیر نەدەكران، بەڵكو بە پێچەوانەوە پیاوان خۆیان پێوە بادەدا و بە شانازییەوە باسیان دەكرد. بەڵام قەت نەبیستراوە و باس نەكراوە كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەو تەمەنەیشدا، لەو كاتەیش كە هیچ خێزانی نەبووە و پابەندیش نەبووە بە هیچ ئایینێكەوە، تەنیا قسەیەكی ناشیرینی لەدەم هاتبێت، چجای ئەوەی كاری خراپ و بەدی كردبێت، یان بە شوێن ئارەزووبازی و ئەو جۆرە شتانەدا گەڕابێت.خۆ ئەگەر خوا نەكردە جارێك لە جاران خوویەكی خراپ، یان كارێكی نابەجێی بكردایە، ئەوە بەدڵنیاییەوە دوژمنانی لێی بێ دەنگ نەدەبوون وباسیان دەكرد و دەیاندایەوە بە چاویدا، مێژوویش تۆماری دەكرد.بەڵام ئەم بە پێچەوانەوە لەو كۆمەڵگا بەد و خراپەیشدا، هەر لە سەرەتای لاوێتیشەوە نازناوی بە داوێنپاك و دەستپاك دەركردبوو، نموونە و پێشەوای هەموو ئاكارێكی باش بوو.جا ئەگەر كەسێكی سادە لە سەرەتای لاوێتییەوە گوێی بەو شتانە نەدابێت، كە زۆر بەئاسانییش دەستی كەوتبێت و بۆی لوابێت، ئایا لە تەمەنی پیری و سەردەمی پێغەمبەرایەتی و سەرقاڵبوون بە باری قورسی بانگەوازەوە خوو دەداتە ئەو شتانە و خولیایان دەبێت؟ بەڕاستی ئەمە قسە و بۆچونێكە مەگەر تەنیا لە ناحەزانی ئەو زاتە و لە بیری پیر و پووچی ئەوان وەشابێتەوە.
3ـ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) هەتا تەمەنی بیست و پێنج ساڵی ژنی نەهێناوە، یەكەم ژنیش كە هێناویەتی بێوەژنێك بووە تەمەنی چل ساڵ بووە و پازدە ساڵ لە خۆی گەورەتر بووە و لەسەر داوای خۆی مارەی كردووە، بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ ژیانی لەگەڵ بەسەر بردووە و هیچ ژنی تریشی بەسەر نەهێناوە تا كۆچی دووایی كردووە.پاش ئەویش و لە تەمەنی پەنجا و یەك ساڵییدا پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)ژنی دووەمی هێناوە كە خاتوو سەودە بووە و تەمەنی شەست و شەش ساڵ بووە و شەش منداڵیشی هەبووە، ژنی دووەمیشی بەهەمان شێوەی ژنی یەكەم پازدە ساڵ تەمەنی لە خۆی زیاتر بووە و نزیكەی چوار ساڵ لەگەڵی بووە و ژنی تری بەسەر نەهێناوە. ئایا دەگونجێت كەسێكی ئارەزووباز لەو تەمەنی لاوییەیدا بەو جۆرە ئافرەتانە رازی بێت؟ ئەو هەموو تەمەنی لاوییەیان لەگەڵ بگوزەرێنێت بەبێ ئەوەی بچوكترین خیانەتیان لێ بكات، یان ژنیان بەسەر بێنێت، وەك لەگەڵ خاتوو خەدیجە بیست و پێنج ساڵ ژیاوە و هیچ ژنی بەسەر نەهێناوە.
4ـ وەك پێشتر باسمان كرد خاتوو عائیشە لە تەمەنی نۆ ساڵییدا ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)دەست پێ كردووە، واتە سەرەتای تەمەنی پێگەیشتنی بووە، ئافرەتیش لەم جۆرە تەمەندا لە رووی ئارەزووبازییەوە هەرگیز جێی سەرنجی پیاو نییە و پیاو تامەزرۆی نابێت، چونكە زۆربەی ئەندامە جنسیە هەستیارەكانی تەواو كامڵ نەبوون و پێ نەگەیشتوون.هەروەها ئافرەتەكە خۆیشی لە لایەنی خۆیەوە لەو تەمەنەدا وەڵامدانەوەی بۆ بزوێنەر و ورێژێنەرە جنسیەكان ئەو وەڵامدانەوەیە نییە، كە پیاوێكی ئارەزووباز چاوەڕوانی دەكات، كەواتە ئەگەر پیاوەكەیش لە لایەنی خۆیەوە زۆر ئارەزووباز بێت ئەوە بەدڵنیاییەوە ئافرەتەكە لەم تەمەندا ناتوانێت ئەو كەف و كوڵی ئارەزووبازییەی تێر بكات، یان كپی بكاتەوە.جا ئەگەر پیاوێك زۆر ئارەزووباز بێت ئەوە هەرگیز نایەت ئافرەتێك لەم تەمەنەدا هەڵبژێرێت، بەڵكو ئافرەتێك هەڵدەبژێرێت كە تەواو كامڵ و پێگەیشتوو بێت، لەش و لاریشی لە رووی جنسییەوە زۆر سەرنجڕاكێش بێت، جێی حەز و تاسەی خەڵكی بێت، ناوبانگ و شۆرەتی جوانی دەركردبێت.بەڵام خاتوو عائیشە هیچ كام لەم سیفەتانەی تێدا نەبووە، لە هیچ ریوایەت و شوێنێكیشدا باسی جوانی و هەڵكەوتوویی جەستەیی نەكراوە، كە ئەگەر وابوایە دەبوو باس بكرایە، خۆ ئەگەر دۆستانیش باسیان نەكردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە دوژمنان بۆ پشتڕاستكردنەوەی گومانی بەدیان لێی بێدەنگ نەدەبوون و باسیان دەكرد.بۆیە من واهەست دەكەم كە نەك بە تەنیا خاتوو عائیشە، بەڵكو هیچ كام لەم سێ هاوسەرگیرییەی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) كە هەتا ئێستا باسمان كردوون لە رووی غەریزەی ئارەزووبازی لەگەڵ پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) گونجاو نەبوون، جا خاتوو خەدیجە و خاتوو سەودە لە رووی زۆریی تەمەنیانەوە، خاتوو عائیشەیش لە رووی كەمی تەمەنیەوە.ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لایەنی غەریزەی جنسی شتێك نەبووە كە بیری لێ كردبێتەوە، یان خولیای بووبێت و كردبێتیە ئامانج لە هاوسەرگیرییەكانیدا.هەر بۆیە هاوسەرگیریی خاتوو عائیشە لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)لەم رووەوە ئەرك بووە و تەكلیفێكی تری پەروەردگار بووە، نەك ویست و خواستێكی تاكەكەسی.
5ـ ئەگەر پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) كەسێكی ئارەزووباز بوایە و بۆ ئەو مەبەستەش خاتوو عائیشەی بهێنایە، ئەوە دەبوو لە پاش خاتوو عائیشە هیچ ژنی تری نەهێنایە، هەموو تواناكان و كاتەكانی بۆ ئەو تەرخان بكردایە، ئارەزووەكانی خۆی پێ تێر بكردایە.بەڵام بە پێچەوانەوە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لە پاش خاتوو عائیشەیش چەندین خێزانی تری هێناوە، هەموویشیان بێوەژن بوون و زۆرێكیان لە تەمەندا بوون، سەرەڕای ئەمانەیش پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) زۆر دادپەروەرانە كاتەكان و تواناكانی خۆی لە نێوانیاندا دابەش كردووە، هیچ جیاوازی نەكردووە لە نێوانیاندا و مافی كەسی بۆ كەسی تر پێشێل نەكردووە، تەنانەت ئەگەر سەفەرێكی كردبێت بە لایەكدا تیروپشكی كردووە لە نێوانیاندا تا بزانێت كامیان لەگەڵ خۆی ببات، نەك بە ئارەزووی خۆی یەكێكیانی هەڵبژاردبێت، یان بردبێت.كەواتە خاتوو عائیشەیش (صلى الله عليه وسلم)هەر هێندەی هەرخێزانێكی تری بەساڵاچوو كاتی بەركەوتووە و لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) ژیاوە، لە ماوەی نۆ شەودا تەنیا شەوێك پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لای ماوەتەوە.
6ـ كاتێك پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) خاتوو عائیشەی گواستووەتەوە، لە هەموو كات زیاتر سەرقاڵ بووە بەكاری بانگەواز و جێبەجێكردنی ئەركی پێغەمبەرایەتی و خوا لە خۆ رازیكردن و دروستكردنی بنەماكانی دەوڵەت لە مەدینە، تەنانەت خاتوو عائیشە كە باس لەو شەوانە دەكات كە پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لای ئەو ماوەتەوە، باس لەوە دەكات كە چۆن پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) شەوەكانی بە یادی خودا زیندوو دەكردەوە و دەفەرموێت: (...{أَنَّ نَبِيَّ اللَّهِ (صلي الله عليه وسلم) كَانَ يَقُومُ مِنْ اللَّيْلِ حَتَّي تَتَفَطَّرَ قَدَمَاهُ}.
واتە: پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)ئەوەندە شەونوێژی دەكرد، تا قاچەكانی دەئاوسان.
بۆیە مرۆڤ كە كاتێ كەمیی تەمەنی پڕ لە فەڕی ئەو زاتە بەراورد دەكات (صلى الله عليه وسلم)لەگەڵ ئەو هەموو بەرهەم و دەستكەوت و دەرئەنجامە گەورانەدا، بۆی دەردەكەوێت كە ئەم زاتە چۆن و بۆچی ژیاوە و ئامانجی چی بووە؟
7- خاڵێكی كۆتایی كە پێمخۆشە قسەی لە سەر بكەین و لە بیری نەكەین ئەوەیە كە ئایا ئامانج لە پڕۆسەی هاوسەرگیریی چیە؟ كام هاوسەرگیرییە بە سەركەوتوو پۆلێن دەكرێت؟بەدڵنیاییەوە ئامانجی سەرەكی پڕۆسەی هەر هاوسەرگیرییەك بریتییە لە پێكهێنانێكی ژیانێكی ئاسوودە و هاوبەش. پێوەری سەركەوتنی هەر هاوسەرگیرییەكیش بریتییە لە مەودای بەردەوامبوونی ئەو هاوسەرگیرییە، ئاسوودەیی و رەزامەندیی هەریەك لەو هاوسەرانە بەو هاوسەرگیرییە و رێژەی پێكەوە گونجان و تەباییان لەگەڵ یەكتر.بەم پێوەرانەیش هاوسەرگیریی خاتوو عائیشە لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) ئەوپەڕی سەركەوتوو بووە، پێَغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) خاتوو عائیشەی لە هەموو خێزانەكانی زیاتر خۆش ویستووە، لە بەرامبەریشدا خاتوو عائیشە پێغەمبەری خودای (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو كەس زیاتر خۆش ویستووە، بەو ژیانەیشی لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) زۆر ئاسوودە بووە و شانازیشی پێوە كردووە.زەقترین بەڵگەی ئەم راستییەش ئەوەیە كە كاتێك خێزانەكانی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) زۆر فشاریان خستە سەر پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)بۆ ئەوەی گوزەرانیان باشتر بكات و داوای خۆشی و جوانییەكانی دونیایان لێ دەكرد، پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) بەو قسانەیان زۆر نیگەران بوو، ئەوەبوو خوای پەروەردگار لەسەر پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) هاتە وەڵام و ئەم چەند ئایەتەی وەك سەرزەنشتێك بۆ خێزانەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)و بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كێشەیە ناردە خوارەوە: [يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْواجِكَ إِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا فَتَعَالَيْنَ أُمَتِّعْكُنَّ وَأُُسَرِّحْكُنَّ سَرَاحاً جَمِيلاً وَإِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالدَّارَ الْيَخِرَةَ فَإِنَّ اللَّهَ أَعَدَّ لِلْمُحْسِنَاتِ مِنْكُنَّ أَجْراً عَظِيماً].
واتە: ئەی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم)بە خێزانەكانت بڵێ ئەگەر ئێوە ژیان و جوانی و خۆشییەكانی دونیاتان دەوێ و بەلاتانەوە مەبەستە، ئەوە وەرن هەر مافێكتان دەكەوێتە لام پێتانی دەدەم و دەستان لێ هەڵدەگرم، ئەگەر خودا و پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) و رۆژی دواییتان پێ مەبەستە، ئەوە خوای پەروەردگار پاداشت و خەڵاتی زۆر گەورەی بۆ ئامادە كردوون.لە پاش هاتنەخوارەوەی ئەم چەند ئایەتە پێغەمبەری خودا(صلى الله عليه وسلم) یەكە یەكە خێزانەكانی بانگ كرد و ئەم حوكمەی خوای پێ راگەیاندن، سەرەتا لە خاتوو عائیشەوە دەستی پێ كرد، ئامادەیی خۆی نیشان دا كە دەستی لێ هەڵبگرێت و پێی فەرموو: (..{يَا عَائِشَةُ إِنِّي أُرِيدُ أَنْ أَعْرِضَ عَلَيْكَ أَمْرًا أُحِبُّ أَنْ لَا تَعْجَلِي فِيهِ حَتَّي تَسْتَشِيرِي أَبَوَيْكِ}قَالَتْ: وَمَا هُوَ يَا رَسُولَ اللَّهِ {فَتَلَا عَلَيْهَا الَايَةَ} قَالَتْ: أَفِيكَ يَا رَسُولَ اللَّهِ أَسْتَشِيرُ أَبَوَيَّ، بَلْ أَخْتَارُ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالدَّارَ الَاخِرَةَ).
واتە: ئەی عائیشە من دەمەوێت بڕیارێكت بخەمە بەر دەست، بەس حەز دەكەم بڕیاری بەپەلەی لەسەر نەدەی، تا راوێژ بە باوك و دایكت دەكەیت، خاتوو عائیشەیش فەرمووی: ئەو بڕیارە چییە ئەی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) كە دەتەوێت بیخەیتە بەردەست من؟ ئەویش ئایەتەكەی بۆ خوێندەوە، خاتوو عائیشە كە لە بڕیارەكە گەیشت فەرمووی: ئەی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) چۆن پرس بە باوك و دایكم دەكەم بۆ ئەوەی لەگەڵ تۆ بمێنمەوە، یان نا، بەڵكو خودا و پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) و رۆژی دووایی و ژیانی نەبڕاوە هەڵدەبژێرم.
كەواتە بەڕێزان ئەگەر خاتوو عائیشە لەم هاوسەرگیرییەی بچوكترین ناڕەزایی هەبوایە، یان پێی قورس و ناخۆش بوایە دەبوو قەت هەلی وای لە دەست خۆی نەدایە، یەكسەر بڕیاری جیابوونەوەی لەگەڵ پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) بدایە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەموو خێزانەكانی تری زیاتر تامەزرۆ و ئارەزوومەندی بەردەوامبوونی ژیانی هاوسەرگیریی بووە لەگەڵ پێغەمبەری خودادا (صلى الله عليه وسلم)، هەر بۆیەیش پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) دواهەناسە و ساتەكانی تەمەنی لە باوەش و ئامێزی پڕ میهر و سۆز و خۆشەویستی خاتوو عائیشەدا بەسەر برد.بۆیە هەر چەند هاوتەمەن، یان نزیكی تەمەن لە نێوان هاوسەرەكاندا هۆكارێكی گرنگە بۆ زیاتر لە یەك گەیشتن و سەركەوتنی پڕۆسەی هاوسەرگیری، بەڵام هەرگیز هۆكاری سەرەكی تەبابوون و لەیەك گەیشتن نییە، بە شێوەیەك خەڵكی وای بخەمڵێنن كە هەر هاوسەرگیرییەك هاوسەرەكان تێیدا هاوتەمەن نەبن ئیتر ئەو هاوسەرگیرییە سەركەوتوو نییە، یان بەزۆر سەپاوە. نموونەی هاوسەرگیریی پێغەمبەری خودایش (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو عائیشە زەقترین بەڵگەی ئەم راستیەن، لەبەرامبەریشدا رۆژانە بەچاوی خۆمان شكست و داڕووخانی چەندین پڕۆسەی هاوسەرگیریی دەبینین و دەبیستین، كە زۆر بەداخەوە هاوسەرەكان تێیدا هاوتەمەنیشن. بۆیە بەگشتیی و بە هەموو پێوەرەكان هاوسەرگیریی پێغەمبەری خودا (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خاتوو عائیشە هاوسەرگیرییەكی زۆر سەركەوتوو بووە، ئامانجی زۆر گەورە و بە بەهای لە پشتەوە بووە، گەورەترینیان جێبەجێكردنی فەرمانی خودا و روونكردنەوەی حوكمی شەرع كە كەمیی تەمەن و بیرتیژیی خاتوو عائیشە هۆكارێكی زۆر لەبار بووە بۆ ئەوەی زۆرترین فەرموودەو سوننەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەر بكات و بۆ موسڵمانانی بگێڕێتەوە، هەر ئەمەیش وای كردووە كە لەگەڵ كەمیی تەمەنیشیدا پسپۆڕترین و شارەزاترینی كەسی نێوان هاوەڵانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و كۆمەڵگای ئیسلامیی سەردەمی خۆی بێت.سەرچاوە: كتێبی (رەواندنەوەی گومانەكان)
نووسینی: دكتۆر خالید موحەممەد ساڵح
0 التعليقات:
إرسال تعليق